وەزارەتی خوێندنی باڵا دەسەڵات دەداتە سەرۆكی زانكۆكان بۆ راگەیاندنی پشوو بەهۆی دۆخی كەشوهەواوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێم رایگەیاند، دەسەڵات دەدرێت بە سەرۆکى زانکۆکان بۆ ئەوەى لەکاتى پێویستدا پشووى فەرمى رابگەیەنن.
بڕیاری وەزارەتەكە پشتبەستە بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بومەلەرزەزانیی هەرێمى کوردستان کە هۆشداریداوە لەبارەى شەپۆلێکى (بارانبارینى بەلێزمە، هەورە بروسکە و ئەگەرى لافاو) و لەپێناو پاراستنى سەلامەتیى گیانى خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان و فەرمانبەرانى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵایە لە هەردوو کەرتى گشتى و کەرتى تایبەت، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی خوێندنى باڵادا هاتووە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، لە کاتەکانی بەیانیدا بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات لە دوای نیوەڕۆ سەرجەم ناوچەکان دەگرێتەوە، لە کاتەکانی شەودا رێژەی بارانبارین زیاتردەبێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، شەپۆلێکی سەرتاسەری بارانبارین تەواوی ناوچەکەمان دەگرێتەوە، بارانبارینی مام ناوەند و لێزمە باران لە ناوچە جیاجیاکان دەبێت کاریگەرییەکەی لە دوای نیوەڕۆوە بەهێزتر دەبێت. لە كاتەكانی ئێوارەدا كاریگەرییەكەی لە سنووری پارێزگاكانی کەرکوک، سلێمانی و هەڵەبجە دەردەكەوێت.