كەمخەوی ئەگەر نیو كاتژمێریش بێت هۆكارە بۆ نەخۆشیی جۆراوجۆر

زانراوە كە كەمخەوی زیانی بۆسەر تەندروستی هەیە، بەڵام توێژینەوەیەكی نوێ ئاشكرایكردووە دواكەوتن لە كاتی دیاریكراوی خەوتن، ئەگەر نیو كاتژمێریش بێت دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و تووشبوونت بە چەندین نەخۆشی كە هەرگیز بە مێشكتدا نەهاتووە.

زیانەكانی كەمخەوی تەنها هەستكردن بە ماندوێتی لە رۆژی دواتردا نییە، بەڵكو كاریگەریی لەسەر تەندروستیی جەستەی مرۆڤ دەبێت و ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشی بكات.

بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
گۆڤاری كۆمەڵەی دڵی ئەمریكی (AHA) توێژینەوەیەكی نوێی بڵاوكردەوە دەربارەی لێكەوتەكانی كەمخەوی، یان كەمكردنەوەی خەوتن ئەگەر بۆ ماوەی نیو كاتژمێریش بێت، لەڕێی هەڵسەنگاندنی زانیارییەكانی هەڵسوكەوتی خەوتنی زیاتر لە 12 هەزار كەس بۆ ماوەی 9 مانگ.

لەم ماوەیەدا، فشاری خوێنی بەشداربووانی توێژینەوەكە پێنج جار گیرا. تیمی توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ناڕێكیی ماوەی خەوتن دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بەڕێژەی تا 17%، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ماوەی خەوتنەكە. فشاری خوێن بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە كاتێك ماوەی خەوتن كەمدەكات. تێبینی ئەوەشیان كرد كە ناڕێكیی خەوتن بە نیو كاتژمێر لە دۆخی پێشوو، بەسە بۆ بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بەڕێژەی زیاتر لە 30%.

مەترسییەكی گەورەیە
فشاری سروشتیی خوێن زۆر گرنگە بۆ پارێزگاری لە تەندروستیی باش، بەرپرسە لە ناردنی خوێن لە دەمارەكانەوە، تەنها بەمشێوەیە سەرجەم ئەندامانی جەستە خوێنی پێویستی بۆ دەچێت. لە بەرامبەردا بەرزبوونەوەی فشای خوێن دەبێتەهۆی شەكەتكردنی دەمارەكان. ئەمەش واتا ئەندامە گرنگەكانی جەستە وەك مێشك، دڵ، گورچیلە و چاوەكان زیانی زۆریان پێدەگات، بەپێی راپۆرتێكی دامەزراوەی دڵی ئەڵمانی.

لەگەڵ ئەوەشدا، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن بە یەكێك لە هۆكارە مەترسیدارە سەرەكییەكانی جەڵتەی مێشك، نەخۆشییەكانی دڵ و دەمارەكان دادەنرێت.

رێنوێنییە گرنگەكان

زۆرینەمان هۆكاری درەنگ چوونە ناو جێگە لە كاتی دیاریكراودا دەزانین. كە لە سەرووی ئەم هۆكارانەوە دەشێت سەرقاڵبوون بێت بە مۆبایلەوە بۆ ماوەیەكی درێژ. بۆیە فلۆر م. كروزە توێژەری هۆڵەندی لەبواری توێژینەوەی هەڵسوكەوت رێنوێنی دەكات بە دیاریكردنی رۆتینی شەوان و پلاندانان بۆ كاتی خەوتن بەشێوەیەكی رێكخراو و جێگیر، وەك ئەوەی لەو راپۆرتەدا هاتووە كە لە گۆڤاری زانستیی (Spektrum) بڵاوبووەتەوە.

توێژەرەكە رێنوێنیش دەكات بە دووركەوتنەوە لەو هەڵانەی كە ماندووێتی دروستدەكەن، وەك ئەو چالاكییانەی هاندەری مێشكن بەر لە خەوتن، جەختیشدەكاتەوە لەسەر رێكخستنی كاتی خەوتن و هەستان، چونكە بەشێوەیەكی بەرچاو هاریكار دەبێت بۆ ئەو كەسانەی بەدەست ناڕێكیی خەوتنەوە دەناڵێنن.

بابەتی پێشتر

بریندارێكی تەقینەوەی هاوەنەكەی هەورامان گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

بەهۆی هەورەبروسكەوە گەنجێكی تەمەن 17 ساڵ گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share