جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران سەرسوڕمانی خۆی لە بڕیاری توركیا بە هەڵپەساردنی گەشتەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەردەبڕێت و دەشڵێت، فڕۆكەخانەكە پابەندی یاسا و رێنماییە نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە فڕۆكەوانییە.
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد سەرلەنوێ گەشتە ئاسمانییەكان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستپێبكاتەوە.
سەرسوڕمانی خۆیشی نیشاندا لەبارەی بڕیارەكەی توركیا “بە هەڵپەساردنی گەشتەكان بۆ فڕۆكەخانەكە سەرەڕای ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنیی عێراقدایە و پابەندە بە یاسا و رێنمایی و رێكخستنە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەوانی”.
ئەو وتانەی مەندەلاوی لە راگەیەندراوێكدا هات دوای سەردانەكەی دوێنێی بۆ سلێمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
لەو دیدارەدا چەند دۆسیەیەكی گرنگی نێوان هەرێم و ناوەند، جەختكردنەوە لەسەر پەلەكردن لە دەرچوواندنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق گفتوگۆیان لەسەركرا، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.
هەفتەی رابردوو توركیا گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگرت.