بافڵ جەلال تاڵەبانی: هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی شارەکەیە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات و رایگەیاندووە، “هەوڵی نەزۆکی نۆکەرانی بێگانەیە بۆ تێکدانی ئاسایشی سلێمانی”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە بەتوندی ئیدانە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە”.

راشیگەیاندووە، “کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە. بەڵام سلێمانی و مێژووەکەی، سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەتر و قارەمانترن کە خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات و ژیانی خەڵکەکەی تێکبدات”.

لە پەیامەکەی سەرۆک بافڵدا هاتووە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا لەپێناو پاراستنی تەبایی و بەدیهێنانی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان پشوودرێژ بووە، بەڵام بەردەوامیی رەفتارە نەشیاو و ناپەسەندەکانی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێکی سیاسی لەژێر سایەی حکومەتێکی تاکڕەو و خۆسەپێندا، هەموو سنوورێکی بەزاندووە و دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست”.

دەڵێت، “ئێمە شانازی بە کوردبوون و کوردایەتیی خۆمانەوە دەکەین، کوردستانمان لە دڵماندا هەڵگرتووە و لەپێناو ژیانی خەڵکەکەمان رووبەڕووی هەموو مەترسییەکان بووینەتەوە و دەبینەوە، تێکدانی ئارامیی هەرێم و شاری سلێمانی هێڵی سوورە”.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی نووسیویەتی، “جارێکی تر و بە دەنگێکی بەرزتر دەیڵێینەوە، یان کوردستان یان نەمان”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لەڕێگەی ئێستاوە هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، لەڕێگەی ئێستاوە هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات. بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی گەرمیان، لەڕێگەی تۆڕی میدیایی ئێستاوە…
Total
0
Share