كۆبرایەكی 1.5 مەتری فڕۆكەیەك ناچار بە نیشتنەوە دەكات

ماری كۆبرا

فڕۆكەوانێكی باشووری ئەفریقا پێشبینی نەدەكرد لەنێو فڕۆكەكەیدا، كاتێك لە سەروو هەورەكانەوە دەفڕی یەكێك لە مەترسیدارترین ماری سەر رووی زەوی، كۆبرا هەبێت، لەوەش خراپتر لە كوێ، لەژێر كوشنەكەی خۆی.

فڕۆكەوانەكە بڕیاری نیشتنەوەی ناچارانەی دا، دوای ئەوەی بۆ دەركەوت مارێكی كۆبرای 1.5 مەتری لە فڕۆكەكەیدایە، وەك ئەوەی رۆژنامەی گاردیان-ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە.

بۆ بەخت خراپی، مارەكە لە بەشی تایبەت بە كەلوپەلدا قەتیس نەبوو، بەڵكو لە تەنیشت فڕۆكەوانەكەوە لە جوڵەدا بوو بەر لەوەی بچێتە ژێر كوشنەكەیەوە.

رۆدۆلف ئیراسمۆس فڕۆكەیەكی تایبەتی بەڕێوەدەبرد كە چوار گەشتیاری تیابوو لە بەرزیی زیاتر لە سێ هەزار مەتر كاتێك هەستی بە بەركەوتنی شتێكی سارد و نامۆ كرد.

سەرەتا وایزانی، ساردییەكە دزەكردنی ئاوە لە بوتڵە ئاوە تایبەتەكەی، بەڵام كاتێك تەماشای كرد تووشی شۆك بوو، مارێكی ژەهراوی كەوتە جوڵە و لەژێر كوشنەكەیدا خۆی قایمكرد.

دۆخەكە بۆ فڕۆكەوانەكە چەند ساتێكی خایاند تا خۆی بگرێت و دواتر بە گەشتیارانی یاوەری وت، “گوێبگرن، مارێك لەژێر كوشنەكەمدایە، بۆیە نیشتنەوەی ناچارانە دەكەین بە خێراترین كات”.

سەرەڕای ئەوەی ئەو جۆرە كۆبرایە تاڕادەیەك ئارامە، بەڵام بە مەترسیدارترین دادەنرێت لە كیشوەری ئەفریقادا.

پاش نیشتنەوە و زامنكردنی سەلامەتیی سەرنیشنان، فڕۆكەوانەكە لەسەر باڵی فڕۆكەی راوەستا و كوشنەكەی بردە پێشەوە، بینی مارەكە هێشتا لە جێگاكەی خۆقایمكردنەكەیدایە.

بابەتی پێشتر

سێ تۆمەتباری بیانی کە لە هەولێر و دهۆکەوە بۆ بەغداد هەڵاتبوون دەستگیرکران

بابەتی دواتر

بۆمبێکی چێنراو لە سیدەکان تەقییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share