سالار مەحمود: دەرکەوت بڕیاری دادگای پاریس لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە و تورکیا و ھاوئاوازەکانی لێی زەرەرمەندبوون

سالار مەحمود پەرلەمانتاری پێشووتری كوردستان دەڵێت، “رێکكەوتن لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای بڕیاری پاریس بووە، فەرەنسا ئەندازیاری رێکكەوتنی ھەرێم و بەغدا بوو”.

لە وتارێكدا سالار مەحمود نووسیویەتی، “دەرکەوت بڕیاری دادگای پاریس گرنگ و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە. تورکیا و ھاوئاوازەکانی تورکیا لێی زەرەرمەند و نیگەران بوون. رێگا دروستەکەی سیاسەتی نەوتی ھەرێم عێراقە، نەک تورکیا”.

هەروەها دەڵێت، “راستکردنەوەی ھەڵەی چەند ساڵە درەنگیش بێت ھەر باشە. بەڵام شایستە فیدراڵییەکانی ھەرێم پارێزراوبن”.

سالار مەحمود دەشپرسێت: پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا بەپێی دەستوور قەرەبووی ناوچە زیانلێکەوتووەکان لەم رێکكەوتنەدا ھاتووە؟ باسی قەرەبووی قوربانییانی ئەنفال و جینۆساید کراوە؟

باسی گەڕانەوەی موڵک و ماڵی كوردی ناوچە دابڕێندراوەکان کراوە؟

باسی قەرەبووی قوربانییانی ھەڵەبجە و کیمیاباران و فەیلییەکان کراوە؟. چونکە لە دەستووردا باسی ئەوە ھاتووە لە داھاتی نەوت قەرەبووی ئەو توێژانە بکرێتەوە و بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ھەیە کە پێویستە حکومەتی عێراقی قەرەبوویان بکاتەوە، بەدڵنیایی باس نەکراوە بەڵام با ئەم دۆسیەیە لەناو پڕۆژەی بودجەی گشتیی عێراق جێ بگرێت”.

پەرلەمانتارە پێشووترەكەی پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە كە “ئەم رێکكەوتنە یارمەتیدەرە بۆ شەفافییەت و رونکاری لە پرۆسەی نەوتی لە کوردستان کە نوخبەیەکی کەم لێی سوودمەندبوون و زۆرینەی خەڵکی کوردستان لێی بێبەشبوون”.

عێراق بەھەشت بۆ کوردستان مسۆگەر ناکات، بەڵام بە ھەموو پێوەرێک رێکكەوتن لەگەڵ عێراق کە ھێشتا کورد بەشێکە لە حوکمڕانیی بەغداد، ھەزاران جار لەو رێکكەوتنە شاراوە و نادروستەی لەگەڵ تورکیای دژ بە کورد و کوردستان باشترە، سالار مەحمود وای نووسیوە و دەڵێت، “لە پشتی پەردەوە فەرەنسا رۆڵی ھەبووە لە سەرخستنی ئەم رێكکەوتنە، ئەم رێکكەوتنە مەترسیی تێکدانی ھەیە لەلایەن تورکیاوە، بە میکانیزم و رێگای جیاجیا”.

بابەتی پێشتر

زاخۆ.. ئاگر لە بارهەڵگرێک پێڵاو بەردرا

بابەتی دواتر

حاكم شێخ لەتیف: دوای رادەستكردنی نەوت ھەرێم لە پێگەیەكی بەھێزتردا دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share