بەپێی ناوەرۆكی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پشكی هەرێم لەمساڵدا زیاتر لە 16.5 ترلیۆن دینارە.
بەپێی ئەو خشتەیەی لەنێو بودجەی گشتیی عێراقدا دانراوە و لەلایەن بەشێك لە پەرلەمانتارانەوە بڵاوكراوەتەوە، پشكی هەرێم لە كۆی بودجەی گشتیی عێراق بریتییە لە 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 693 ملیۆن و 162 هەزار دینار.
بەمەش بەشە بودجەی مانگانەی هەرێم یەك ترلیۆن و 384 ملیار و 141 ملیۆن و 96 هەزار دینارە.
ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە لیژنەی دارایی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی خشتەكەدا دەڵێت، پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی 16 ترلیۆن زیاترە، بۆیە رێکكەوتن لەگەڵ بەغداد تاقە چارەسەرە.
جگە لەو پارەیە هەرێمی كوردستان پشكی لە خەرجیی حاكیمەدا دەبێت و بەپێی پرۆژە یاسەكە بڕەكەی بریتییە لە ترلیۆنێك و 256 ملیار و 611 ملیۆن دینار.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی كوردستان پشكی هەرێم بە “گەورەترین پارە لە مێژووی هەرێمدا” ناودەبات و دەڵێت، جگە لەوە نیوەی داهاتی ناوخۆش بۆ هەرێم دەمێنێتەوە.
بەو پارەیەی لە بەغدادەوە دێت لە ئەگەری پەسەندكردنیدا وەك ئەوەی لە پرۆژەیاساكەدا هاتووە، سەرەڕای 910 ملیار دیناری بۆ مووچە، زیاتر لە 474 ملیار دەمێنێتەوە بۆ خزمەتگوزارییەكان و خەرجییەكانی دیكە.