قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند کە بۆ ئەم مانگە پێویستە پارەی هاتوچۆی خوێندکاران کەمتر دەبێت و هۆکارەکەشی بۆ پشووی بەهارە دەگەڕێتەوە و هەر شۆفێرێکیش زیاتر وەربگرێت لێپرسینەوەی لێدەکرێت.
لە راگەیەندراوی قائیمقامیەتدا هاتووە، “ئەو پاس و تەکسیانەی لە مانگی ئازاردا لە باخچەو خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکاندا هاتوچۆیان بە خوێندکاران کردووە، لە کۆکردنەوەی کرێی مانگانە دەبێت رەچاوی رێنماییەکانی لیژنەی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکاران بکەن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، پارەی رۆژانی پشووی بەهارە جگە لە رۆژانی هەینی وەرناگیرێت و سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانیش بڕەکەی دیاریدەکات، جەختیشدەکاتەوە، هەر شۆفێرێک زیاتر وەربگرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
لەبارەی چۆنیەتی دیاریکردنی بری ئەو پارەیەی کە دەدرێت بە شۆفێری پاس و تەکسیەکان، رێکان جمال سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت ئاماژەی بەوەکرد، “کرێی مانگانەی خوێندکار دابەشی سێ دەکرێت، دوو بەشی لە خوێندکار وەردەگیرێت و یەک بەشیش دەگەرێتەوە بۆ خوێندکار”.
قائیمقامیەتی سلێمانی بەخێوکاران و خوێندکارانی خوێندنگە و باخچە حکومی و ناحکومییەکانی سنووری هەردوو بەرێوەبەرێتیی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئاگاداردەکاتەوە، لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک ئاگاداریان بکەنەوە.