د. ئەحمەد كەركوكی: هەڕەشەی كوشتنم لێدەكرێت

د. ئەحمەد كەركوكی مەلا و بانگخوازی ئایینی دەڵێت، لەلایەن كەسانی توندڕەوەوە هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرێت.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، د. ئەحمەد كەركوكی مەلا و بانگخوازی ئایینی دیاری شاری كەركوك، لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە. لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، د. ئەحمەد كەركوكی ئاشكرایكرد، هەڕەشەكان تەنها لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە نین، بەڵكو چەندین جار بە پەیوەندیی تەلەفۆنییش هەڕەشەی لێكراوە و هەڕەشەكان بەردەوامن و دوایینیان شەوی رابردوو بووە.

لەبارەی ناسنامەی ئەو كەسانەی هەڕەشەی لێدەكەن و پاڵنەر و هۆكاری هەڕەشەكانەوە، د. ئەحمەد وتی، “كەسانی نەناسراون، تەنها یەكێكیان كەسێكی ناسراو بوو كە دواتر بە شێوەی كۆمەڵایەتی گرفتەكە چارەسەركرا و كۆتایی بە دۆسیەكە هات” و جەختیكردەوە، “تەنها لەبەر جیاوازیی بیركردنەوەم هەڕەشەم لێدەكەن”.

د. ئەحمەد بەوە ناسراوە پەنا بۆ شێوازی جیاوازی بانگخوازی دەبات، لەوانە چوونە كافتریاكان و تەنانەت دانیشتن لەگەڵ مەینۆشاندا بە مەبەستی بانگخوازیكردن.

بەپێی وتەی ئەو بانگخوازە، پێشتر چەند جارێك تیرۆریستان هەڕەشەی كوشتنیان لێكردووە و وتی، “هێشتا لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بیری توندڕەوی ماوە و كەسانێك هەڕەشەم لێدەكەن كە بیركردنەوەیان داعـشـە و تەمەنیان هەرزەكارە و ماویانە ئاقڵببن”.

بابەتی پێشتر

کارەبای سلێمانی ئاگادارییەک بۆ چەند گەڕەکێکی سلێمانی بڵاودەکاتەوە

بابەتی دواتر

کەس لێی رازی نییە بەڵام هەر کۆڵ نادات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share