شاندی یەكێتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر هەماهەنگیی قۆناغی داهاتوو تاوتوێدەكەن

خالید شوانی و حەسەن عزاری

شاندی یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ ڕەوتی سەدر كۆبووەوە و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا لە قۆناغی داهاتوودا تاوتوێكرا.

شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە چەند ڕۆژێكە لە بەغدادە بە سەرۆكایەتیی خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ حەسەن عزاری، سەرۆكی شاندی دانوستانكاری ڕەوتی سەدر كۆبووەوە.

وتووێژەكان لەنێوان هەردوولا بۆ گەیشتنە بە لێكتێگەیشتن دەربارەی هەماهەنگیی هەڵوێستەكان لە قۆناغی داهاتوودا.

دوێنێش شاندەكە لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆكی هاوپەیمانیی “عەقدی وەتەنی” كۆبووەوە و دوا گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق-یان تاوتوێكرد، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سیاسی لە قۆناغی پاش هەڵبژاردن كرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی گفتوگۆ لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی وڵات پێیاندا تێپەڕدەبێت، جگە لە جەختكردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگیی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.

پێشتر ستران عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “لە دوو كۆبوونەوەی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بڕیاردرا، یەكێتی چاودێریی ئەو دۆخە بكات كە لە بەغداد هەیە و شاندێك ڕەوانەبكات بەهۆی ئەوەی ڕووداوەكان بەپەلە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت”.

وتیشی، بڕیارە شاندەكە “چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات تاوەكو بۆچوونی لایەنەكان بزانن لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و ئاراستەی ھێز و لایەنەکان و ژینگەی تەوافوقی دوای هەڵبژاردنەكان، پاشان شاندەكە ڕێگە خۆشدەكات بۆئەوەی شاندێكی دیكەی باڵای یەكێتی سەردانی بەغداد بكات”.

بابەتی پێشتر

پەروەردەی سلێمانی: گواستنەوەی مامۆستایان ڕابگرن و لارینەبوونیش مەدەن بە هیچ دەرچوویەك

بابەتی دواتر

چی كراوە بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و كەلەپورییەكانی سلێمانی؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share