بەهۆی بارانبارینەوە، لە پارێزگاكانی ئەنبار، دیوانییە، واست و زیقار سبەینێ دووشەممە كرا بە پشووی فەرمی.
پشووەكە سەرجەم خوێندنگە و فەرمانگە و دامەزراوە فەرمییەکان جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان دەگرێتەوە و سبەینێ دەوام رادەگیرێت. لەو بارەیەوە عەلی فەرحان دلێمی پارێزگاری ئەنبار رایگەیاند، بەهۆی نالەباریی دۆخی کەشوهەواوە سبەینێ دووشەممە لە سەرجەم خوێندنگە و دەزگا فەرمییەكان جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان دەوام ناكرێت.
دوای پارێزگای ئەنبار، نووسینگەی محمەد هادی غزی پارێزگاری زیقار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بڕیاردرا بە راگرتنی دەوامی سبەینێ دووشەممە لە دامەزراوە حكومییەكاندا، ئەوەش بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بەردەوامیی بارانبارین كە زریان و هەورەبروسکەی لەگەڵدایە”.
هاوشێوەی ئەو دوو پارێزگایە، بەهۆی لێزمەبارانەوە پارێزگای دیوانییە دەوامی سبەینێ دووشەممەی راگرت و پشووی لە خوێندنگە و دامەزراوە حكومییەكاندا راگەیاند و كەمێك لەمەوبەر، پارێزگای واست چووە ریزی ئەو پارێزگایانەی سبەینێ دووشەممەیان بە پشووی فەرمی راگەیاندووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە شەپۆلێكی لێزمەباران زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی گرتەوە و لە پارێزگای نەجەف تەرزەبارینی چڕ زیانی بە 30 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵی گەیاند و دوو ملیار دینار زیانی دارایی لێكەوتەوە.