وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، بڕی 500 ملیار دیناری بۆ شایستەی جوتیاران تەرخانکردووە.
حەیدەر نوری بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی دانەوێڵەی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، ماوەی سێ مانگە دەستیانکردووە بە دامەزراندن و ئامادەکردنی کۆگاکان لە ناوچە جیاوازەکان بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بڕێکی زۆر بەروبوومی گەنم و جۆ هەیە بەتایبەت لە پارێزگای کەرکوک.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ پارێزگاکان راوێژیان کردووە و وەزارەتی بازرگانی پلانەکانی دەستپێکردووە و بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیری دارایی کرد پێش دەستپێکردنی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم بڕی 500 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی”.
جەختیشیکردەوە، “ئەو بڕە پارەیە بەسەر جوتیاراندا دابەشدەکرێت لە یەکەم وەرگرتنی بڕی بەرهەمی کشتوکاڵیدا کە بۆ وەرزی ئێستا وەرگیراون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “رەنگە بڕی چاوەڕوانکراو لە وەرزی ئێستادا بگاتە زیاتر لە 4 ملیۆن تۆن”.
راشیگەیاند، “وەزارەت پێویستی بە 600 بۆ یەک ملیۆن تۆن گەنمی هاوردە دەبێت لە ئەگەری وەرگرتنی 4 ملیۆن تۆن گەنم لە وەرزی بەبازاڕکردندا”.