بلومبێرگ: هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم راگیرا

دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ توركیا راگیرا و لە دوێنێ-شەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە راوەستاوە، وەك ئەوەی سایتی بلۆمبێرگ ئاماژەی پێداوە.

سایتەكە دەڵێت، بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن نوسینگەی هەناردەی عێراقی لە بەندەری جەیهان-ی توركییەوە دەرچووە، توركیا چیتر رێگە بە باركردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان نادات بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتدارانی حكومەتی ناوەندیی عێراق.

بەڵگەكە لە زاری بەرپرسێكەوە لە كۆمپانیای بۆتاس-ی توركییەوە كە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەدەبرێت ئەو پەیامەی گەیاندووە.

بلۆمبێرگ لە زاری كەسێكی ئاگادارەوە دەڵێت، لەدوای گواستنەوەی دوا نەوتهەڵگر لە رۆژی هەینی، هیچ هەواڵێك نەبووە لەبارەی گواستنەوەی زیاتری نەوتی هەرێم.

سەرچاوەكە ئەوەشی وتووە، “توركیا وەرگرتنی نەوتی لەڕێی بۆریی نەوتی كوردستانەوە راگرتووە”.

سایتەكە دەشڵێت، لە كانونی دووەمی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە تێپەڕێندراوە، كە دەكاتە 1%ی پێداویستییە جیهانییەكان.

بەغداد رۆژانە 75 هەزار بەرمیلی رۆژانە رەوانەی جەیهان دەكات، لەكاتێكدا لەلایەن هەرێمەوە نزیكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە رەوانە دەكرێت.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سایتی (ئارگۆس)ی تایبەتمەند بە بواری بازاڕی وزە رایگەیاند، شەوی رابردوو عێراق بە فەرمی لەلایەن توركیاوە ئاگاداركرایەوە لەوەی لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندیی عێراق بڕیاریداوە.

هەروەك لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە رایگەیاند، توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە كە چیتر رێگەنادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی ناوەند، نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان.

دەشڵێت، “ئەم بڕیارە گورزێكی دیكەیە بەر هەرێمی كوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەكەوێت”.

دۆسیەی بەردەم دادگاكە ماوەی 9 ساڵە بەردەوامە، دوای ئەوەی عێراق سكاڵای لە دادگاكە لەسەر توركیا تۆماركرد و تۆمەتباریكرد بەوەی لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، رێككەوتنی ساڵی 1973 تایبەتی بە بۆری نەوتی پێشێلكردووە.

بابەتی پێشتر

چا، قاوە و جگەرە.. باشترین رێگا بۆ رۆژووەوان تاوەکو لە نەبوونیان بێزارنەبن

بابەتی دواتر

رووداوێکی هاتوچۆ بووەهۆی برینداربوونی دوو كەس

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕۆژێك پشوو ڕاگەیەندرا

حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، سبەینێ بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییانەوە لە سەرجەم دەزگا و دامەزراوەكاندا پشووی فەرمییە. فەرمانگەی میدیا…
Total
0
Share