بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەگەر رێكخراوەكان و پارەی حزب و وڵاتانی ئەوروپی نەبێت ،دەبێت نەخۆشخانەكانی دابخات.
د. ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ” لە یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند زانیارییەکیان بڵاوکردووەتەوە، هیوادارم راستی بکەنەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ملیارێك و80 ملیۆن لە ساڵی 2016 ەوە بۆ تەندروستی هەڵەبجە خەرجکراوە وهیچی نوێ نییە، پارێزگایەكی وەك هەڵەبجە بەو هەموو نەخۆشەوە وا دەزانن تەنها بە 90 ملیۆن دینار دەچێت بەڕێوە”.
باسی لەوەش کرد، ” ئەگەر رێكخراوەكان و پارەی حزب و وڵاتانی ئەوروپی نەبێت، نەبێت نەخۆشخانەكانم دابخەم، 49 پزیشک دانەمەزراون وەک ئەوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، تەنها 30 کارمەند بۆ نەخۆشخانەی وەفا و بیارە بە شێوەی گرێبەست دامەزراون و ئێستاش لەماڵەوەن و گرێبەستەکەیان هەڵوەشاوەتەوە”.
ئاشکراشیکرد، “جگە لە بوجەی خۆمان هیچ كامێك لەو بڕە پارانەی وەك زانیاری دانراون بۆمان نەكڕدراون، تەنها ئەوەی كارگەی ئۆكسجینەكە بۆ هەڵەبجە دابینكراوە وەك هەموو شارەكانی تر نەك زیاتر، ئەویش پارەكەی دەبێت لە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە دابینبكرێت”.