بانكی ناوەندیی عێراق دەستەوارەی سێیەمی ئاسانكاری بۆ بەدەستهێنانی دۆلار راگەیاند.
بانكەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دەستەوارەكە چەند خاڵێك لەخۆدەگرێت، لەوانە:
1- بە ئامانجی ئاسانكاریی بەدەستهێنانی دۆلار بۆ ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت گەشت بۆ دەرەوە بكەن، نرخی ئاڵوگۆڕی فەرمی بە 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێك ئەژماردەكرێت، لەڕێی كارتی پارەدانی ئەلیكترۆنی كە لەلایەن لایەنە رێگەپێدراوەكانەوە دەردەكرێت لەكاتی بەكارهێنانیدا لە دەرەوە، بەمجۆرە:
– كارتی پارەدانی پێشوەختە (Prepaid Cards)، بە دۆلار بێت یان بە دینار، كە نەبەستراوەتەوە بە ئەژماری بانكییەوە و بەردەستە، بە میچێك كە دەگاتە (10.000) دۆلار و شایەنی دووبارە پڕكردنەوە بێت، كە بانك و كۆمپانیاكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی دەتوانن دەریبكەن.
– كارتی كرێدیت (Credit Cards) بەو میچەی كە بانك دیاریدەكات بەپێی پلەبەندیی مامەڵەكار (Gold, Silver, Platinum).
– كارتی قەرز (Debit Card) كە بەستراوەتەوە بە ئەژماری مامەڵەكار لە بانكدا (لەنێویاندا مووچەی دانراو) كە دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بۆ پارەدان بە دۆلار بەپێی ئەژماری بانكیی مامەڵەكار لە بانكدا، لەسەر بنەمای نرخی فەرمیی دۆلار.
هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە، پشكی گەشتیار لە دۆلاری نەختینە بە بڕی دوو هەزار دۆلار دەبێت لە رۆژی یەكشەممە 19ی ئازارەوە. لەگەڵ توانای بەكارهێنانی كارتەكانی دیكە بۆ پڕكردنەوەی خواستی هاوڵاتییان لەسەر دۆلار، بەمەرجێك بڕەكە گونجاو بێت لەگەڵ رێنماییەكانی ئەو وڵاتانەی هاوڵاتی گەشتی بۆ دەكات لە هەڵگرتنی بڕی دیاریكراوی پارەی نەختینە.
دەشڵێت، فرۆشەكانی رۆژانەی دۆلاری نەختینە لەلایەن بانكی ناوەندی لەسەر ئاستی ئێستای بەبێ كەمكردنەوە بەردەوام دەبێت.