فەرماندەیی ئەورووپای هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، فڕۆکەی جەنگیی سو-27ی روسی لەگەڵ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی MQ-9 Reaper لە ئاسمانی دەریای رەشدا پێکیاندادا.
ژەنەڕاڵ جەیمس هێکەر، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئەفریقا دەڵێت، “فڕۆکە MQ-9 ی ئێمە ئۆپەراسیۆنی رۆتینی لە ئاسمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدەدا، کاتێک لەلایەن فڕۆکەیەکی روسییەوە رێگری لێکرا و لێیدا، بەهۆیەوە کەوتە خوارەوە.
ئەمریکا کردەوەی “بێباکانە”ی فڕۆکە روسییەکەی ئیدانە کرد، کاتێک لە ئاسمانی دەریای رەشدا لەگەڵ یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی وڵاتەکەیدا پێکیاندادا.
جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، رێگرییەکانی روسیا لە ناوچەکەدا باو و ئاساییە، بەڵام ئەمە “جێگەی سەرنجە، چونکە ناپارێزراو و ناپڕۆفیشناڵ و لەڕاستیدا بێباکانە بووە”.
کێربی پشتڕاستیکردەوە کە سەرۆک جۆ بایدن ئاگادارکراوەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کەیسە “شایەنی سەرنجە بەهۆی ئەوەی بابەتێکی جددییە”.