راپرسییەكی نوێ ئاشكرایدەكات كەمال كلیچدار ئۆغلۆ كاندیدی بەرەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە 10 خاڵی سەدی لەپێش رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، بەر لەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە 14ی ئایاری داهاتوو ئەنجامبدرێت و زۆرینە پێیانوایە زۆر گرنگە لە مێژووی توركیادا.
هەر بەپێی راپرسییەكان بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە ناوی هاوپەیمانیی گەلی هەڵگرتووە، لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا بە شەش خاڵ لە پێش پارتی داد و گەشەپێدانەوەیە بە سەرۆكایەتیی ئەردۆغان.
تائێستاش پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)ی پشتیوان لە كورد رێژەیەكی بەرزی لایەنگری هەیە كە زیاترە لە 10%ی دەنگەكان.
لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان رووبەڕووی گەورەترین ئالگاریی دەسەڵاتەكەی دەبێتەوە كە ماوەی 20 ساڵە درێژەی هەیە، پاش پاشەكشەی ئاستی جەماوەری لە ئاكامی گرانی و دژواریی بارودۆخی ژیان، هەروەها قوربانیانی بومەلەرزەكەی مانگی رابردوو كە چاوەڕوان دەكرێت چاوخشاندنەوە بە پابەندییان بۆ پارتی داد و گەشەپێداندا بكەن.
راپرسییەك كە كۆمپانیای (ئەكسۆی ریسیرش)ی توركی ئەنجامیداوە دەریدەخات، كەمال كلیچدار ئۆغلۆ رێژەی پاڵپشتیی گەیشتووەتە 55.6%، بەمەش پێش ئەردۆغان كەوتووە كە ئاستی پاڵپشتی گەیشتووەتە 44.4%.
هەر بەپێی راپرسییەكە هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن 44.1%ی دەنگەكانی هێناوە، پارتی دیموكراتی گەلان 10.3%، لەكاتێكدا پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانەكەی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی 38.2% هێناوە.
راپرسییەكی دیكە كە كۆمپانیای (ئەلف ریسێرش) لەنێوان شەش و حەوتی ئەم مانگەدا ئەنجامیداوە دەریدەخات ئاستی پاڵپشتی بۆ كلیچدار ئۆغلۆ گەیشتووەتە 55.1%، ئەردۆغان-یش 44.9% بووە.
حزبی گەلی كۆماری بە سەرۆكایەتی كلیچدار ئۆغلۆ ئاستی پاڵپشتی گەیشتووەتە 31.8%، لە دوای ئەویش پارتی داد و گەشەپێدان دێت بە 31%.
بەپێی راپرسییەكە بەرەی ئۆپۆزسیۆن 43.5%ی پاڵپشتی بەدەستهێناوە، پارتی دیموكراتی گەلان 11.3%، هەوەها پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی پێكەوە 37.5%یان هێناوە.
پەیمانگای بوتسدام بۆ توێژینەوە جێبەجێكارییەكان (بیار ریسێرش) ئەگەری بردنەوەی كلیچدار ئۆغلۆی بە رێژەی 57.1% داناوە، لەكاتێكدا ئەردۆغان ئاستەكەی بۆ 42.9% دابەزیوە.
هەڵبژاردنەكان تەنها سەرۆكایەتیی داهاتووی توركیا دیاریناكەن، بەڵكو شێوازی بەڕێوەبردن و ئەو رێچكەیەی ئابورییەكەی دەیگرێتەبەر، لەگەڵ رۆڵیدا لە سوككردنی ململانێكان لە ئۆكرانیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكلادەكەنەوە.