گەورەترین فێستیڤاڵی نەورۆز لە سلێمانی سازدەكرێت

لە رۆژانی 17 تا 20ی ئازار گەورەترین فێستیڤاڵی نەورۆز لە سلێمانی بە سەرپەرشتیی پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی ئەنجامدەدرێت، وتەبێژی پلاتفۆڕمەكە وردەكاریی چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە ئاشكرادەكات.

هەژان هێرش، وتەبێژی پلاتفۆڕمی ئین سلێمانی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی كوردی فێستیڤاڵێكی گەورە لە سلێمانی سازدەكەن، ئامانجی سەرەكییان خزمەتكردنە بە شاری سلێمانی و دووبارە گەڕاندنەوەی خۆشی و شادییە بۆ دڵی خەڵكەكەی و نێو دڵی گەشتیاران و هەموو ئەوانەی لەهەر شار و شارۆچكەیەكەوە سەردانی سلێمانی دەكەن.

ئەوەشی وت، “ئامانجی دواتری فێستیڤاڵەكە سازاندنی بازاڕی كارە بۆ گەنجەكانمان، دواتریش هێنانی گەشتیارە بۆ شاری سلێمانی”.

فێستیڤاڵەكە لە رۆژی هەینی 3/17ەوە تا رۆژی دووشەممە 3/20 بەردەوام دەبێت و چەندین چالاكیی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.

وتەبێژی پلاتفۆڕمەكە وتی، چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە لە (پاركی ئازادی، شەقامی سالم، سەرچنار، شەقامی شەستی و شاخی گۆیژە) دەبن.

وردەكاریی چالاكییەكان بەمجۆرەیە:

– لە سەكۆی ئازادیی پاركی ئازادی بە درێژایی شەوانی فێستیڤاڵ نمایشی فیلم ئەنجامدەدرێت، كە لە كاتژمێر 6:30 تا 11ی شەو درێژەیان دەبێت و تیایدا سێ فیلمی درێژ نمایش دەكرێن.

– نزیك لە سەكۆی ئازادی ماركێتی ئین سلێمانی دەبێت كە زیاتر لە 150 كوخ ئامادەكراوە بۆ گەنجان و جوتیاران بەمەبەستی خستنەڕووی بەرهەمە خۆماڵییەكان، خواردن و كارە بازرگانییە بچوكەكان.

– جگە لەو چالاكییانەش هەر لە پاركی ئازادی یارییە كوردەوارییەكانی وەك، مزراحێن، كڵاوێن و ماروپەیژە دەبن، كە خێزانەكان دەتوانن بەبێ بەرامبەر لە كاتژمێر 2 بۆ 10ی شەو سەردانی بكەن و كاتەكانی لێبەسەرببەن.

– لە دەرەوەی پاركی ئازادی، رازاندنەوە بۆ شەقامی سالم دەكرێت، جگە لە چالاكیی میوزیكی سەرشەقام.

– لە 3/18 كۆنسێرتێك لە سەرچنار ئەنجامدەدرێت و چەند پرۆگرامێكیش تایبەت بە منداڵان سازدەكرێت.

– رۆژی 3/19 لە هەواری شار كۆنسێرتێكی گەورە ئەنجامدەدرێت. لە شانۆی رۆمانی كە لە كاتژمێر 5 بۆ 8ی شەو دەبێت بە بەشداری هونەرمەندان، هانی، سەنا بەرزنجی و هەژار زەهاوی.

– رۆژی 3/20 كاتژمێر 10ی بەیانی لە بەردەم شاری گۆیژەوە ماراسۆنێكی نێودەوڵەتی رێكخراوە بە بەشداری وەرزشەوانی دێرین و میوانانی بیانی كە پێنج كیلۆمەتری و 21 كیلۆمەتری دەبێت و هاوڵاتییان دەتوانن بەشداری تیادابكەن.

– هەمان رۆژ لە شەقامی سالم نزیك سیتی ستار كەرنەڤاڵی نەورۆز ئەنجامدەدرێت، كە بە بەشداری ژمارەیەك لە كوڕان و كچانی گەنج بە میوزیك و گۆرانی و هەڵكردنی مەشخەڵەوە چەند چالاكییەك ئەنجامدەدەن.

– ئێوارەی هەمان رۆژ بە بەشداری 300 كوڕ و كچ ئاگركردنەوە لەسەر شاخی گۆیژە ئەنجامدەدرێت.

– شەوەكەشی لە شەقامی سالم ئاهەنگی نەورۆز ئەنجامدەدرێت بە بەشداریی هونەرمەندان ماجد، حەمید عوسمان و یادگار خالیدی كە گۆرانی و میوزیكی شاد و هەڵپەركێ پێشكەش دەكرێت.

بابەتی پێشتر

پۆگبا .. (10) ملیۆنی بەهەدەردراو لە یوڤانتۆس

بابەتی دواتر

راپرسییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەكەی ئایاری داهاتووی توركیا چی دەڵێن؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دیلان غەفور: فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە دەتوانن مووچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكان تەوتین بكەن

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە دەتوانن مووچەكانیان تەوتین بكەن. دیلان غەفور، ئەندامی ئەندامی ئەنجومەنی…
Total
0
Share