“بانکی ناوەندی دراوی نیشتمانی خراپ بەکاردەهێنێت و دەوڵەتیش لێی بێدەنگە”

ڕاوێژکارێکی یاسایی حکومەتی پێشووی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند کە بانکی ناوەندیی عێراق دراوی نیشتمانی خراپ بەکاردەهێنێت و دەوڵەتیش بێدەنگە لە پاراستنی هاوڵاتیان و زیانەکانی ئەم سیاسەتەی بانکی ناوەندی.

فازل محەمەد جەواد، ڕاوێژکاری یاسایی لە حکومەتی پێشووی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە، “ئەم دۆخە باوەڕپێنەکراوە، بانکی ناوەندی بەردەوامە لە فرۆشتنی دۆلار بە 1190 دینار بەرامبەر بە دۆلارێک، لەسەر ئەو بنەمایەی فرۆشتنی دراو وادەکات پارێزگاری لە بەهای دیناری عێراقی بکات، لەکاتێکدا ئەمە پێچەوانەیە چونکە دیناری عێراقی لە داڕمانێکی بەردەوامدایە، بەهاکەی لە دابەزینێکی زۆردایە و چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا زیاتر دابەزێت”.

دەڵێت، “ئەی حکومەت لەم سیاسەتەی بانکی مەرکەزی لە کوێدایە، ئەمە وێنەی سیاسەتی نەختینەیی حکومەتە و بانکی ناوەندی جێبەجێی دەکات، بانکی ناوەندی خراپ دراوی نیشتمانی بەکاردەهێنێت و حکومەتیش بێدەنگە و چاودێری لە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی ناکات”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “سەرۆکوەزیران وەک بەرپرسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن پێویستە بە خێرایی دەستێوەردان بکات بۆ وەستاندنی تێکدانی دراوی عێراقی و چارسەرکردنی ئەو بابەتە دانانی سنورێک بۆ گەندەڵی و سودمەندبوونی ئەو کەسانەی دراوی عێراقی هەڕاج دەکەن”.

بابەتی پێشتر

چالاكوانێك لە بەغداد كوژرا

بابەتی دواتر

سەركردەیەكی كۆمارییەكان دان بە سەركەوتنی بایدن-دا دەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share