دوای ئەوەی لە هەوڵێكی هەڵهاتنی بەكۆمەڵدا دوو زیندانی لە چاكسازیی نەوجەوانانی هەولێر هەڵهاتن، پۆلیسی شارەكە دەستگیركردنەوەی تۆمەتباری دووەم رادەگەیەنێت.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارە نەوجەوانەی دوێنێ لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی نەوجەوانان ھەڵھاتبوو، لەلایەن ھێزەکانیانەوە دەستگیرکرایەوە.
ئەوەشی وت، “تۆمەتباری ناوبراو بەپێی مادە یاساییەکانی (412 و 446)ی یاسای سزادان داواكراو بوو”.
شەوی یەكشەممە لەسەر دووشەممە شەش كەس لە زیندانییانی گرتووخانەی چاكسازیی نەوجەوانانی هەولێر، هەوڵیاندا بەكۆمەڵ لە گرتووخانەكە هەڵبێن.
دوو لە زیندانییەكان توانییان هەڵبێن، چوارەكەی دیكە هەوڵەكانیان شكستیانهێنا. دوێنێ یەكێك لە هەڵهاتووەكان لە ناوچەی شاوێس-ی سەر بە پارێزگای هەولێر دەستگیركرایەوە، بەر لەوەی ئەمڕۆ تۆمەتباری دووەمیش دەستگیربكرێتەوە.