لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا گەیشتنە رێككەوتن لە گەڕاندنەوەی ئی پارتی بۆناو هاوپەیمانێتییەكە، كە پێشتر كشانەوەی راگەیاندبوو، بەمەش ركابەرەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان خۆیان كۆكردەوە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە ئایاری داهاتوو ئەنجامبدرێت.
هەینیی رابردوو ئی پارتی ناڕەزایی نیشاندا لەسەر رێككەوتنی پێنج لایەنەكەی دیكە بۆ دەستنیشانكردنی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ-ی سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) وەك كاندیدی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.
بڕیارە لە 14ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی لە توركیا بەڕێوەبچێت.
بەپێی میدیاكان میرال ئاكشینیر رازی بووە بە كاندیدی كلیچدار بۆ پۆستەكە، بەمەرجی ئەوەی لە ئەگەری سەركەوتنی بەرەی ئۆپۆزسیۆندا یەكێك لە مەنسور یاڤاش سەرۆكی شارەوانیی ئەنقەرە و ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بكرێنە جێگری سەرۆك كۆمار.
هاوپەیمانیی سێ قۆڵی هەریەك لە پارتی گەلی كۆماری بە سەرۆكایەتیی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ، پارتی دیموكراسیەت و پێشكەوتن بە سەرۆكایەتیی عەلی باباجان، پارتی دیموكراتی بە سەرۆكایەتیی جۆلتكین ئویساڵ، پارتی خۆشگوزەرانی بە سەرۆكایەتیی تیمیل كارامولا ئۆغلۆ، پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد داود ئۆغلۆ و ئی پارتی بە سەرۆكایەتی میرال ئاكشینیر لەخۆدەگرێت.