بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەی سەرۆكوەزیران، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی كانونی یەكەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆیل رەیبێرن نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا پێگەیشت.
ڕاگەیاندراوەكە ئاشكرایكردووە، “لە پەیوەندییەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سوریا کراوە و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەبوونی گفتوگۆی ئاشتییانە لە نێوان لایەنە کوردییەکانی سوریا کردووەتەوە لە پێناو پەرەدان بە ئازادی و فرەلایەنی سیاسی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا.”
لە بەشێكی تری ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، “سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە هێرشی شەوی ڕابردووی چەکدارانی پەکەکە کرد بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە دەڤەری ئامێدی و بە توندی هێرشەکەی سەرکۆنە کرد. ڕوونیشیکردەوە کە لەم ماوەیەدا، سێ پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش، لە سەر دەستی چەکدارانی پەکەکە شەهید کراون.”
وەك لە ڕاگەیاندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیراندا هاتووە، مەسرور بارزانی “هوشداریداوە کە ئەو هێرشانەی پەکەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستێوەردان و خۆخزاندنە نێو خۆپێشاندانی ئاشتییانەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.”
سەرۆكی حكومەت جەختی لەوەش کردووەتەوە کە “پێویستە ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ژێر هەژمونی پەکەکە بێتە دەرەوە و نابێت چیتر ڕێگە بدرێت پەکەکە سوود لەو هاوکارییانە وەربگرن کە پێشکەشی ھەسەدە دەکرێن.”