هەریەك لە ئینگلتەرا و وێڵز ساڵی هاوسەرگیریكردنیان بەرزكردەوە، بەپێی یاسایەك كە ئامانج لێی پاراستنی منداڵانە لە مەترسی، وەك ئەوەی بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی پێدەكەن.
بەپێی یاساكە چیتر كەسانی تەمەن 16 و 17 ساڵان رێگەی هاوسەرگیریكردنیان پێنادرێت، بەپێی یاسا نوێیەكەی ئینگلتەرا و وێڵز.
یاسای هاوسەرگیری و هاوبەشیی مەدەنی، كە كەمترین تەمەنی هاوسەرگیری دیاریكردووە، دەڵێت، قۆغكردنی منداڵانی لاواز لەڕێی رێكخستنی هاوسەرگیری بۆیان یان خزانیان بۆ ناو هاوبەشییەكی مەدەنی، لەژێر هەر دۆخێكدا بێت، تاوانە.
كارەكە بە تاوان ئەژماردەكرێت هاوسەرگیرییە بە رەزامەندی خۆی بێت یان بە زۆر. سەرپێچیكاری یاساكە سزادەدرێت بە تا حەوت ساڵ بەندكردن.
پایز مەلیکە کوردێکی بەریتانیایە و لەدوای هەوڵە بەردەوامەکانی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەمڕۆ پڕۆژەکەی بەفەرمی جێگیرکرا و بووە یاسا ئەویش کەمترین تەمەن بۆ هاوسەرگیری بریتییە لە 18 ساڵ، وەك ئەوەی ئاکۆ ئیسماعیل رۆژنامەنووسی كوردی دانیشتووی بەریتانیا ئاماژەی پێداوە.
دەشڵێت، پایز مەلیکە کەمپینێکی گەورەی بەڕێوەدەبرد بەناوی هاوسەرگیریی منداڵان، کە تێیدا دژایەتی و کاری بۆ ئەوە دەکرد رێگری بکرێ لەوەی تەمەنی خوار 18 ساڵی هاوسەرگیری بکەن.
پایز خۆی رزگاربوویەکی دەستی ئەو پرۆسەیە و کاتێک تەمەنی 16 ساڵ بووە کەسوکارەکەی لە بەریتانیا بە زۆر بەشوویان داوە هەروەها خوشکەکەشی بە بیانووی شەرەف لە تەمەنی 20 ساڵیدا لەلایەن باوکی و هاوسەرەکەیەوە كوژراوە، وەك ئەوەی رۆژنامەنووسەكە دەیڵێت.
بەپێی ئامارێك لە ساڵی 2022دا پاڵپشتی پێشكەش بە 64 منداڵی هاوسەردار كراوە كە رووبەڕووی خراپ مامەڵەكردن بوونەتەوە. ژمارەی منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵی هاوسەردار لە ساڵی 2021دا 118 بووە.
لە ساڵی 2018شدا ژمارەكان ئاشكرایانكرد لە ئینگلتەرا و وێڵز 28 منداڵ و 119 تازە لاوی خوار تەمەن 18 ساڵ هاوسەرگیرییان كردووە.