زریانی خۆڵ و تۆز دیاردەیەکی جیهانییە، چونکە با گەردیلەی وردی تۆز بە درێژایی هەزاران میل دەگوازێتەوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر تەندروستی و بژێوی مرۆڤ دەبێت.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، تێکچوونی زەوی و وشکەساڵی، زریانی تۆز و خۆڵ لەم ساڵانەی دواییدا زۆر زیادی کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا ناتالی ماهڤاڵد، زانای کەشوهەوا و مامۆستای ئەندازیاری لە زانکۆی کۆرنێل، پێیوایە بە زانیاریی زیاتر دەربارەی زریانی تۆز و خۆڵ، دەکرێت پلان بۆ داهاتوو دابنرێت.
بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن ، ماهڤاڵد کە دوو دەیەی رابردووی بەدواداچوونی بۆ شەپۆلی گەرما لە سەرانسەری جیهان بەسەربردووە، ئێستاش لەگەڵ ناسا کار لەسەر ئامێرێکی نوێ دەکات بە ناوی EMIT.
ئامێری EMIT پێوانێکی زانستیی وێنەگرتنە کە لەلایەن ناسا پەرەیپێدراوە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئەرکەکانی بۆشایی ئاسمانی ئاژانسەکەدا بەکاردەهێنرێت بۆ پێوانەکردنی رووناکی لە درێژیی شەپۆلی بینراو و ژێر سووردا.
ئامرازەکە یارمەتیدەرە بۆ نەخشەکێشانی رەنگی گەردەلولەکانی تۆز و خۆڵ، بەو پێیەی زاناکان دەتوانن ئەو داتایانە بەکاربهێنن لە مۆدێلی کەشوهەواکانیاندا بۆ ئەوەی بزانن چۆن کانزا جیاوازەکان هەسارەکە گەرم دەکەن یان سارد دەکەنەوە.
ماهۆلاڵد روونیدەکاتەوە، “هەر جۆرە تۆزێک کۆدی تایبەتی خۆی هەیە کە رووناکییەکەی رەنگدەداتەوە، بۆ نموونە تۆزی سپی تیشکی خۆر یان گەرمی دەداتەوە، لەکاتێکدا تۆزی سوور و تۆزی تاریک گەرمی هەڵدەمژن”.
پێوەرەکەی EMIT لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا بەستراوەتەوە بە وێستگەی بۆشایی ئاسمانیی نێودەوڵەتی و رۆژانە 16 جار بەدەوری زەویدا دەسوڕێتەوە، بۆ ئەوەی نەخشەی پێکهاتەی کانزایی رووی هەسارەکە بکات بە کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر سپێکتەرەکان.
ئەو دەوڵەمەندییەی ئەو زانیاریانەی کە لەلایەن پێوەرەکەی EMIT ەوە پێشکەش دەکرێت، کە داتای وشکترین ناوچەکانی جیهان لەخۆدەگرێت، یارمەتی زانایان دەدات زیاتر دەربارەی تۆز و کاریگەرییەکانی لەسەر کەشوهەوا بزانن، پرسێک کە مەوالد دەڵێت تا ئێستا تاڕادەیەکی زۆر پشتگوێخراوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندە دەکات کە ساڵانە دوو هەزار ملیۆن تۆن خۆڵ و تۆز دەڕژێتە ناو بەرگەهەوا.
زریانی خۆڵ و تۆز بۆ هەسارەکە زۆر گرنگە، خۆراکی خاک دەگوازێتەوە بەسەر وڵاتان و کیشوەرەکاندا و یارمەتیی گەشەکردنی ژیانی رووەکەکان دەدات، بۆ نموونە تۆزی بیابانی سەحرا خۆراک دەدات بە دارەکانی دارستانی ئەمازۆن، کە خاکەکە ماددە خۆراکییە پێویستەکانی تێدا نییە.
دیانا فرانسیس، پسپۆڕی کەشوهەوا لە زانکۆی خەلیفە لە ئەبوزەبی، ڕوونی دەکاتەوە کە “ئیکۆسیستمەکان لە ڕاستیدا وابەستەن بە تەمومژ و تۆزەوە.”
لەلایەکی ترەوە ئەگەر زریانی تۆز بەهێزتر و توندتر و زۆرتر بێت، ئەمە دەبێتە هۆی خێرابوونی گەرمبوونی جیهان.
راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشک دەخاتە سەر چۆنێتیی گۆڕینی شێوازی زریانەکان لە دابەشبوونی کانزاکانی زەوی و کەمکردنەوەی بارانبارین، لەکاتێکدا ئایرۆسۆڵەکان دەتوانن وەک گازی گەرمخانەیی لە بەرگەهەوادا کاربکەن بە هەڵمژینی تیشکی خۆر.
هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی زریانی تۆزاویی توندتر بەهۆی تێکچوونی زەوی و وشکەساڵییەوە.
فرانسیس بە ئاماژەدان بە زریانی گۆدزیلا کە گەورەترین زریانی تۆزاویی جیهانە لە ماوەی 20 ساڵدا روونیدەکاتەوە، “بەڵگە هەیە کە ئەمە لە ئێستاوە ڕوودەدات”.
ئەو زریانە لە مانگی حوزەیرانی 2020دا زەریای ئەتڵەسی بەزاند و بووە هۆی تاریکی لە ئاسماندا کە لە کەنارەکانی کاربیەوە تا ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا درێژبووەوە.
زریانی تۆز و خۆڵ دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان و زیانگەیاندن بە ئاژەڵ و بەروبووم تێکدەدات، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا زیانەکانی ئەم بایانە ساڵانە بە 13 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
فرانسیس ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەکە لە هەڵکشاندایە، وەک چۆن زریانەکان لە هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانی پێشوویدا بۆیان دەرکەوتووە کە تۆز و خۆڵ لە سەحرا گەیشتووەتە جەمسەری باکوور، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکاری لە بەرگەهەواوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “دەزانین کاتێک سەهۆڵەکە تاریک دەبێت، کەمتر تیشکی خۆر ڕەنگدەداتەوە، هەربۆیە خێراتر دەتوێتەوە”.
ئەم سپێکترۆمێترە تا ئێستا کۆمەڵە زانیارییەکی بۆ ناسا دابین کردووە کە هەریەکەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار سپێکتری لەخۆگرتووە.
زانایان ئەو داتایانە بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی نەخشەکێشانی تۆز و پێکهاتەی خاک لە سەرانسەری جیهان، بەڵام دەتوانرێت ئەو داتایانە بەکاربهێنرێت بۆ نەخشەکێشانی هۆکارێکی دیکە کە کاریگەریی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەیە، ئەویش میتانییە.
هەرچەندە میتانی بەشێکی کەمی دەردانی گازی گەرمخانەیی پێکدەهێنێت، بەڵام لە 20 ساڵی یەکەمی دوای چوونە ناو بەرگەهەواوە هێزی گەرمکردنی 80 هێندە زیاترە لە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
میتانی، رووناکیی ژێر سوور بە شێوەیەکی ناوازە هەڵدەمژێت، “واژۆیەکی سپێکتراڵ” دابین دەکات کە سپێکترۆمێتری وێنەگرتنی EMMIT دەتوانێت بە وردی دەستنیشان بکات.
لە کاتێکدا ناسا دەیزانی کە تەکنەلۆژیای وێنەگرتنی کۆمپانیای EMMIT دەتوانێت چاودێری دەردانی گازی گەرمخانەیی بکات، بەڵام ڕۆبەرت گرین، توێژەری باڵا لە تاقیگەی جێت پاڵنەر لە ناسا و لێکۆڵەری سەرەکی لە ئەرکەکەدا وتی، تا ئێستا سیستەمی EMIT پەنجا “سوپەر-دەردانی” لە سەرانسەری جیهاندا دەستنیشان کردووە، کە زۆربەیان لە سووتەمەنی بەردینی و پاشماوە و دامەزراوە کشتوکاڵییەکانەوە دێن، لە شوێنەکانی وەک ئەمریکا، ئێران و تورکمانستان.
لە کاتێکدا دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ چەندین سەدە لە بەرگەهەوادا دەمێنێتەوە، بەڵام میتانی زیاتر لە ساڵێک لەناو دەچێت، واتە کەمکردنەوەی دەردانی میتانی ڕێگەیەکی خێرایە بۆ خاوکردنەوەی گۆڕانکاری لە کەشوهەوا بە ئاراستەی باشبوون.
ناسا هیوادارە ئەم زانیارییانە هانی وڵاتان بدەن بۆ وەستاندنی دەردانی میتانی.