ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی رایدەگەیەنێت، هەموو دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نووسراوێكیدا دەڵێت، “سەرجەم رێکارەکانی یەکێتی لەبارەی پەیڕەو، پرسی سەرۆکایەتی و ئەو سکاڵا و تانانەی لە دژی بڕیارەکانی یەکێتی لە دادگاکان تۆمارکرابوون، بە رێڕەوی یاسایی لە بەرژەوەندی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی یەکلاکراونەتەوە و تەواوی ئەو بڕیارانەش کە دراون، ئەنجومەنی سەرکردایەتی پەسەندیکردوون”.
لە نوسراوەكەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە لە 7ی شوباتی 2023 ئاڕاستەی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی كراوە و ئیمزای فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەسەرە هاتووە، دوای ئاماژەدان بە رێکارە یاساییەکان و دەرچوونی بڕیارەکان لە دادگای بەرایی لێکۆڵینەوە، فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسییەکان و ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە بەرژەوەندیی یەكێتی بوون.
دووپاتیشیدەكاتەوە، “تەنها ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لایەنی پەیوەندیدارە لە بڕیاردان بۆ کاروباری ناوخۆیی و هیچ لایەنێکی تر بۆی نییە دەستوەردان لەم بابەتانەدا بکات و ئەگەر هەوڵێکی لەوجۆرەش هەبێت، ئەوا هەنگاوی سیاسی و یاساییمان دەبێت، چونکە هەموو دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی یەکێتی هێڵی سوورە”.