ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ژیانی ملیاردێری جیهان بیل گەیتس دروستکرد، ئەمەش بەهۆی ئەو پێشبینیانەی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کردبووی لە رابردوودا، لە نوێترین چاوپێکەوتنیشیدا پێشبینییەکی دیکەی ترسناک بڵاودەکاتەوە.
بیل گەیتس ملیاردێری جیهان لە چاوپێکەوتنێکدا کە لەگەڵ کەناڵی BBC ئەنجامیداوە باسی لە هەڕەشەیەکی سەرەکی کردووە کە روو لە جیهان دەکات و پێویستە هەستی پێبکرێت ئەویش تیرۆری بایلۆجییە.
گەیست رایگەیاند، “هەڕەشەی داهاتوو تیرۆری بایلۆجییە، ئەمەش مەترسیدارە و بەرگریکردنیش لێی قورسە، بەڵام هەوڵدەدەین ئەنجامی بدەین ئەویش لە رێگەی هۆشیاربوونەوە و تێگەیشتن لە سیستمی بەرگریکردن لێی”.
رێکخرای پۆلیسی تاوانی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ) لەگەڵ گەیتس رێکەونێکی ئەنجامداوە، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی راپۆرتەکانیان لەبارەی تیرۆری بایلۆجی و ئەو کێشە گەورانەی لێیان دەکەوێتەوە.
ئینتەرپوڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “مەبەست لە تیرۆری بایلۆجی بڵاوکردنەوەی بەمەبەستی ڤایرۆس و بەکتریا و ژەهرەکانە کە دەبنە هۆی مردن و لەناوچوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەکەکان، هەڕەشەی تیرۆری بایلۆجیش مەترسییەکی راستەقینەییە، لە ئێستادا تاک و کۆمەڵە تیرۆرستییەکان توانا و نیازی بەکارهێنانی ئامرازە بایلۆجییەکانیان هەیە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانیان”.
ئاشکراشیکرد، کاردەکەن بۆ رێگریکردن لە بەکارهێنانی ئامرازە بایلۆجییەکان و رێوشوێنی پێویست وەک بەشێک لە ستراتیژیەتی باڵای ئاسایش دەگرنە بەر.