چین مووشەكی سەروو دەنگ كە “ئاڵنگاریی یاساكانی فیزیا دەكات” تاقیدەكاتەوە

ئەمریكا لەو پێشكەوتنە سەربازییانەی چین نیگەرانە

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرایدەكات، چینییەكان تەنها لە هاوینی ڕابردوودا بەلایەنی كەمەوە دووجار چەكی سەرووی دەنگیان تاقیكردووەتەوە.

ڕۆژنامەی “فاینانشەڵ تایمز” ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، هێزە سەربازییەكانی چین، لە 27ی تەموز و 13ی ئابدا مووشەك و سوارڕۆی فڕیویان تاقیكردووەتەوە كە خێرایی سەرووی دەنگیان هەیە و توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.

ڕاپۆرتەكە پشتی بە چوار سەرچاوەی هەواڵگریی ئەمریكی بەستووە و ئاشكرایكردووە، ئەو تاقیكردنەوانەی چین سەرباری ئەوەی ئامانجی خۆیان بەتەواوەتی نەپێكاوە، بەڕادەیەكی زۆر سەرسووڕمانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) و دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی)یان بەلای خۆیاندا ڕاكێشاوە.

یەكێك لەو سەرچاوانە بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، “ئێستا ئەمریكا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێت و دەیەوێت بزانێت ئەو توانا سەربازییانە چین كە چین هەیەتی و ئەمریكا پێیان نەگەیشتووە؟، بۆ ئەو مەبەستەش لێكۆڵینەوە و گەڕانەكانی دەستپێكردووە”.

سەرچاوە هەواڵگرییەكەی ئەمریكا ڕاشیگەیاندووە، “تاقیكردنەوەكانی چین ئاڵنگاریی یاساكانی فیزیا دەكەن”.

لەبەرامبەر ئەو زانیاری و لێدوانانەدا، حكومەتی چین دەڵێت، “ئێمە هیچ چەكێكی لەو جۆرەمان دروستنەكردووە، ئەوەی هەیە كەشتییەكی ئاسمانییە كە ڕەنگە لە داهاتوودا سوود بە بواری زانستی بگەیەنێت”.

چەكی سەرووی دەنگ “Hypersonic speed”، بریتییە لەو جۆرە چەكەی كە دەتوانێت بەخێرایی “5 ماخ” دەربپەڕێت، ئەو ڕادەی خێراییەش یەكسانە بە پێنج جار خێراتر لە دەنگ، واتە دەتوانێت لەماوەی یەك چركەدا 1.6 كیلۆمەتر ببڕێت.

لەماوەی ڕابردوودا كۆریای باكوور مووشەكێكی لەو جۆرەی بەناوی “هواسونگ 8″ تاقیكردەوە كە لەتوانایدایە مانۆڕبكات و لە ئاسماندا هاتوچۆبكات بەخێراییەكی زۆر.

دواتر ڕوسیا مووشەكێكی خێراتر لە دەنگی لەژێرئاوەوە سەركەوتووانە تاقیكردەوە. مووشەكەكەی ڕوسیا ناوی “تسێركۆن”ـە و خێراییەكەی زۆر لە دەنگ زیاترە و لەسەر ژێرئاوگەڕی “سیڤەرۆدنیسك” تاقیكرایەوە، كە ژێرئاوگەڕێكی فرەچالاكییە و دەتوانێت لە یەككاتدا چەند كارێك ڕابپەڕێنێت.

بابەتی پێشتر

نزیکەی 50 قومارچی لە دهۆک دەستگیرکران

بابەتی دواتر

ئەنچلۆتی پێش کلاسیکۆ چارەسەری بۆ کێشە گەورەکەی ڕیاڵ مەدرید دۆزییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share