سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەدات و دەشڵێت، “دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ ببینە خاوەنی یاسای نەوت و غاز و لە پەرلەمان یەكلابكرێـتەوە”.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵدەدەین كێشەكانی هەرێم و بەغداد چارەسەربكەین و دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ ببینە خاوەنی یاسای نەوت و غاز و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەندبكرێت.
راشیگەیاند، دەبێت چاكسازی لە عێراق ئەنجامبدرێت و پێویستمان بە سیستمی دادگا هەیە بۆ سزادانی ئەو كەسانەی كە تێوەگلاون بە دۆسیەی گەندەڵی و بۆ ئەو مەبەستە داوامان لە هاوپەیمانان و هاوبەشەكانمان كردووە كە هاوكارمان بن لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق.
سەرۆك وەزیرانی عێراق راشیگەیاند، “لە رابردوودا بە هاوكاری و هەماهەنگیی دۆستەكانمان بەسەر تیرۆردا سەركەوتین و عێراق لە مەترسییەكانی تیرۆر دوورخرایەوە”.