بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ مامۆستایانی وانەبێژ: بەڵێنتان پێدەدەین خەم و كێشەكانتان لەئەستۆ دەگرین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ نوێنەرانی هەزاران مامۆستای وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم لەبارەی كێشە و گرفتەكانیان، دانەمەزراندن و بەهەند وەرنەگرتنی خواستەكانیان لەلایەن حكومەت و وەزارەتی پەروەردەوە راپۆرتێكیان خستەڕوو و لەچەند خاڵێكیشدا داواكارییەكانیان روونكردەوە.

لە بەرامبەردا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی دوای گوێگرتن لە گرفت و ناڕەزایەتییەكانیان، پاڵپشتیی خۆی و یەكێتی بۆ داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ دەربڕی و رایگەیاند، “یەكێتی ئەم پرسە گرنگە بەهەند وەردەگرێت چونكە پەیوەستە بە زیاتر لە 30 هەزار مامۆستاوە كە بەشێكی گرنگ و كاریگەرن لەپڕۆسەی پەروەردە و فێركردندا. وتیشی، نابێت چیتر خزمەت و هەوڵەكانتان نادیدە بگیرێت و كەمتەرخەمیتان دەرحەق ئەنجامبدرێت چونكە هیچ شانازییەك لە فەرامۆشكردن و نادیدەگرتنی چینێكی گرنگی كۆمەڵگەدا نییە كە پەروەردەی منداڵەكانمان دەكەن و خەرجكردنی شایستە داراییەكانیشتان هەرجارە و لەژێر ناونیشانێكدا نیشانەی سەرسووڕمانە و مافخواردنێكی ئاشكرایە”.

لەبارەی گرنگی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان لەپێناو پەروەردەكردنی نەوەیەكی هۆشیار و زانستخواز سەرۆك بافڵ وتی، “ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو بونیادبنێین و نەوەیەكی سوودبەخش پێشكەشی كۆمەڵگە بكەین ئەوا پێویستە گۆڕانكاری ڕیشەیی لە سیستمی پەروەردە بكەین و رۆڵی مامۆستایان رێزلێگیراوبێت.

لای ئێمە كەرتی پەروەردە زۆر لە نەوت و غاز گرنگترە”، بۆیە بەڵێنتان پێدەدەین خەم و كێشەكانتان لەئەستۆ دەگرین و لە هەوڵەكانمان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و شەرەفمەندانە بەردەوامدەبین”.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک.. گەر ژنێک خواردنەوەی کهولی بخواتەوە شێوەی رووخساری منداڵەکەی جیاواز دەبێت

بابەتی دواتر

ئەنجامی پشکنینە پزیشکییە چاوەڕوانکراوەکەی جۆ بایدن ئاشکراکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share