قوباد تاڵەبانی: لاوازیی ئابووریی کوردستان نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووە

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند،  خاڵی لاوازیی ئابوریی کوردستان نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووە، بۆیە کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی.

قوباد تاڵەبانی  جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە میانەی بەشداریکردنی لە سێیەمین پێشانگای تێکفێست لە سلێمانی رایگەیاند، ” تێکفێست داهاتووی کوردستانە و چەندە بتوانین پشتگیری گەنجە داهێنەرەکانمان بکەین بۆ داهێنانی تەکنەلۆژیا، ئەوەندە خزمەتی داهاتووی وڵاتەکەمان دەکەین”.

ئاماژەی بەوەش کرد، ” گەنجانی کوردستان توانای خۆیان سەلماندووە، لە پرسی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و تۆماری بایۆمەتری و زۆربەی بوارەکانی دیکە تەواو پشتمان بە توانای گەنجانی خۆماڵی بەست و سەرکەوتووش بووین،هەربۆیە ئەرکی حکومەتە بۆ پەرەپێدان بە توانای گەنجان، ژینگەیەکی لەباریان بۆ دابینبکات”.

باسیلەوەشکرد، “لە ماوەی رابردوودا کارمان کردووە بۆ ئەوەی گەنجان ئاسانتر بتوانن ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان، ئەگەر پێشتر تۆمارکردنی کۆمپانیایەک چەند مانگ کاتی پێویست بوایە، ئێستا دەتوانرێت لە ماوەی رۆژێکی کارکردندا جێبەجێ بکرێت”.

لە بەشێکی دیکەی پانێلکەدا جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە پێویستیی دروستکردنی هەماهەنگیی بەهێز لەنێوان زانکۆ  و ناوەندە ئاکادیمییەکان لەگەڵ بازاڕ و دامەزراوەکانی حکومەت کرد و رایگەیاند،” بۆ بڕیاردان پێویستە پشت بە توێژینەوە زانستییەکان ببەستین نەک بۆچوونی کەسیی خۆمان بۆ ئەوەی کەمتر بڕیاری هەڵە بدەین، پێویستە زانکۆکان و ناوەندە ئاکادیمییەکان بە توێژینەوەکانیان حکومەت و بازاڕ و کەرتی تایبەت بەرچاو ڕوون بکەن کە دەبێت چۆن هەنگاوبنێن بەرەو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابوری و هەموو بوارەکانیتر”.

هاوکات سەبارەت بە پرسی شەفافییەتیش، قوباد تاڵەبانی وتی، “شەفافییەت بنەمای متمانەیە لە نێوان هاوڵاتیی و حکومەتدا و مافی هاوڵاتییانە ئاگاداری داهات و خەرجییەکانی حکومەت بن، لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە وێبسایتی شەفافییەت کرد کە لە ئێستادا لەڕێی ئەم وێبسایتەوە رۆژانە هەم حکومەت و هەم هاوڵاتی ئاگاداری داهاتی نانەوتین و ئەمەش لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە، حکومەت رۆژانە لەڕیی داتاکانی وێبسایتەکەوە دەتوانێت بزانێت بۆچی داهاتی کەمی کردوە یان زیادی کردووە، ئەگەر بەهۆی بڕیارێکەوە داهات لە شوێنێک کەمی کردووە حکومەت دەتوانێت بڕیارەکەی بگۆڕێت، لە کاتێکدا پێشتر بەهۆی نەبوونی داتاوە بە ئاسانی نەدەتوانرا ئاگاداری هەڵە و کەموکوڕییەکان بین.

ئاشکراشیکرد، “لە ئێستادا کاردەکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوڵاتیان رۆژانە ئاگاداری خەرجییەکانی حکومەتیش بن و بزانن ئەو پارەیەی لە ڕێگەی باج و رسوماتەوە دەیدەنە حکومەت چۆن خەرج دەکرێت”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە کێشە ئابورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ” خاڵی لاوازی ئابوری هەرێم نەبوونی سیستمێکی بانکی پێشکەوتووە و لە ئێستادا کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

وتیشی: ئابوری هەرێم و کەرتی تایبەت پێش ناکەوێت بەبێ رێکخستنەوەی سیستمی بانکی و دروستکردنی متمانە لەنێوان هاوڵاتیان و بانکەکاندا، ئەگەر سیستمی بانکی رێکبخەینەوە بەشێکی بەرچاوی کێشە ئابورییەکان و کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری هەرێم چارەسەر دەبن”.

بابەتی پێشتر

لە لوبنان هێرشکردنە سەر بانکەکان دەستیپێکردەوە

بابەتی دواتر

کەمتەرخەمیی نێیمار، پاریسی توڕەکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سنووری زاخۆ ئاگر كەوتەوە

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون، لە سنووری گوندی قەرەوڵەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاگركەوتووەتەوە…
زیاتر ببینە

بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرەکانی، درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی د. فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق و ئەندامی…
Total
0
Share