کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان سکاڵایەک دژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان رادەستی دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی دەکات، رایگەیاندووە، بۆ راگرتنی گرێبەستێکی نایاسایی لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەهمی سکاڵاکەیان کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کاروان گەزنەیی دەڵێت، “لە ماوەکانی رابردوو باسمان لەوە کرد، کە وەزارەتی شەهیدان گرێبەستێکی نایاسایی لەگەڵ رێکخراوێکی وەهمی کردووە لەسەر جینۆسایدەکانی کوردستانییان، دوای ئەوەی کە رێکارە پەرلەمانییەکانمان گرتەبەر، وەزارەتی شەهیدان لەبری راگرتنی گرێبەستە نایاساییەکە، روونکردنەوەیەکی پڕ لە تەشهیریان بڵاوکردەوە”.
ئەماژەی بەوە کردووە، “بۆ ڕاگرتنی ئەم بابەتە نایاساییە، لە پێناو ڕاگرتنی ئەم بەهەدەردانە و چاکەی گشتی دۆسیەکەمان ئاڕاستەی داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی کردووە”.
دەشڵێت، “چاوەڕێین لە پێناو خەڵکی کوردستان و چاکەی گشتی بە ئەرکی خۆیان هەڵبستن”.