بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی جۆریی دەرمان لە هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ئەو شروبەی بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی 18 منداڵ بڵاوکردەوە رایگەیاندووە، “ئەو جۆرە شرووبە لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە”.
لە راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە، “هاوڵاتییانمان ئاگاداردەکەینەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە چەند پەیج و ماڵپەڕێک لە ناوخۆ و دەرەوە سەبارەت بە دەرمانێک کە 18 منداڵ لە وڵاتی ئۆزبەکستان گیانیان لە دەستداوە دوای بەکارهێنانی دەرمانەکە، ناوی دەرمانەکە (Dok-1Max syrup)یە کە لە وڵاتی هیندستان بەرهەمهاتووە لەلایەن کارگەیەک بەناوی Marion Biotech.
راشیگەیاندووە، “دوای بە دواداچوونی وردی زانستی و پیشەییانەی خۆمان بۆ هاوڵاتییانمان روونیدەکەینەوە کە بە هیچ جۆرێک لەکوردستان بوونی نیە و بەهیچ جۆرێک هاوردەی کوردستان نەکراوە و هیچ بەرهەمێکی ئەو کارگەیە لە هەرێمی کوردستان نییە و رێگەپێدراو نییە و کارگەکەش تۆمارنەکراوە”.
سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی 18 منداڵ کۆنترۆڵی جۆری ئاشکرایکردووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ماددەیەکی ژەهراوی بەناوی Ethylene glycol لەناو دەرمانەکە کە دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی ئەندامێک یان چەند ئەندامێکی لەش بە تەواوی.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، دڵنیایی تەواو دەداتە هاوڵاتییان لە کوردستان کە بەردەوام لە بەدواداچوونی ورد و زانستییانەدا دەبێت سەبارەت بەم بابەتە لەناو دەرمانخانەکان و کۆگاکانی دەرمان بە مەبەستی بنەبڕکردنی دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاخ.