توانا ئەمین ئەندامی لیژنەی باڵای کەمپینی هاوخەمتانین رایگەیاند، پارتی لە دەروازەی فێشخاپورەوە رێگەنادات کۆمەک و هاوکاریی بگەیەندرێتە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام ئەمڕۆ لە رێگەی تورکیاوە هەوڵدەدرێت بەشێک لەو هاوکاری و کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە پێیان بگەیەندرێت.
توانا ئەمین ئەندامی لیژنەی باڵای کەمپینی هاوخەمتانین بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو کۆمەکانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە، بەشی زۆرییان لە کۆگاکاندا جیاکراونەتەوە و پاکێجین کراوە، لە ئێستادا 154 بۆ 160 کرێکار بەردەوام کاری تێدادەکەن کە بەشێکیان لە خۆبەخشەکانی رێکخراوی منداڵپارێز، سی دی ئۆ، هۆریزاین، کرێکاری شارەوانی و کارمەندانی جەی سیسین”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمڕۆ 14 بۆ 16 بارهەڵگر بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییەکان بە هەرسێ پارچەکەی کوردستان بەڕێدەکەون، بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ عەفرین و هەمیش بۆ باکووری کوردستان”.
باسیلەوەشکرد، “ئەو پارەیەی کۆکراوەتەوە، هیچ دەستکاری نەکراوە، پێویستی بە واژۆی هەریەکە لە پارێزگار و قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری چاودێری دارایی هەیە بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت بە چ رێگەیەک بنێردرێن و خەرجبکرێن بۆیان”.
سەبارەت بە رێگرییەکانی پارتی لە ناردنی هاوکارییەکان توانا ئەمین وتی، “ئەوە شتێکی شاراوە نییە، پارتی بە فەرمی و نافەرمی رێگەنادات لە دەروازەی سنووری فێشخاپورەوە هاوکارییەکان بگاتە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام رێگەیەک هەیە لە سلۆپییەوە، بچیتە ناو مێرسین و لەوێشەوە داخڵی ناو عەفرین ببیت، ئێمە لەو رێگەیەوە هاوکارییەکانمان دەگەیەنین”.
ئاشکراشیکرد، “ئەمشەو کاتژمێر 9:00 کۆتایی بە کەمپینی هاوخەمتانین دەهێنین کە ماوەی چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە”.