وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بڵاویکردەوە، چاودێری زیادبوونی ئاوی رووبارەکانی عێراق دەکەن، بەڵام تا ئێستا هەست بە هیچ بەرزبوونەوەیەک نەکراوە.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە بەشێک لە میدیا و راگەیاندنەکان وا بڵاوکراوەتەوە کە بەهۆی کاریگەری بومەلەرزەکەوە تورکیا ئاوی بەنداوەکانی بەردابێتەوە، بەڵام تا ئێستا هەست بە هیچ بەرزبوونەوەیەک لە ئاستی ئاوی دیجلە و فورات نەکراوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتییانی عێراق کە دۆخی بەنداوەکانمان زۆر باشە، توانای لەخۆگرتنی ئەو ئاوەمان هەیە گەر تورکیا بەریبداتەوە و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە”.
بومەلەرزە بەردەوامەکانی ماوەی هەفتەیەکە تورکیا و سوریای گرتووەتەوە، مەترسی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لە وڵاتەکەدا دروستکردووە، بەمەبەستی رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراویش دەنگۆی بەتاڵکردنەوەی بەنداوەکانی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە.