بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو شەپۆلەی رووی لە ناوچەكە كردووە تا درەنگانی شەو لە ناوچە شاخاوییەكان و ناو شاری سلێمانی بەفربارین بەردەوامدەبێت و لە سبەینێشەوە پلەكانی گەرما نزمدەبنەوە و ئاسمان لە نێوان هەور و پەڵەهەوردا دەبێت.
ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەو شەپۆلی بەفربارینە تا درەنگانی شەو كاریگەری دەبێت و لە سبەینێ بەیانییەوە ئاسمان لە نێوان هەور و پەڵەهەوردا دەبێت و پلەكانی گەرماش نزمدەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەكان پلەی گەرما زیاتر دادەبەزن.
راشیگەیاند لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو كەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و پلەكانی گەرماش كەمێك بەرزدەبنەوە.
هاوكات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، تا درەنگانی شەو ئەگەری كەمێك بەفربارین هەیە لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و باكووری ڕۆژهەلاتی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە دوای نیوەشەوەوە ئاسمانی هەرێم نیمچەهەور و لە هەندێك ناوچە پەڵەهەور دەبێت و سبەینێ نزمترین پلەكانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەكان چەندین پلە بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت و شەختە دروستدەبێت بە تایبەت لەو ناوچانەی بەفری لێباریووە و كەش زۆر سارد دەبێت و تەم دروستدەبێت بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی هەرێم.
پلەی گەرمی ئێستای سەنتەری شارەكان بەم شێوەیەیە:-
هەولێر 4 پلە
سلێمانی 1پلە
دهۆك 2 پلە
هەڵەبجە 1 پلە
كەركوك 6پلە
سبەینێ هەینی ئاسمان هەور و هەتاو دەبێت و پلەكانی گەرما بە نزمی دەمێنێتەوە
بڕی بارانی 12 كاتژمێری ڕابردووی هەندێك لە ناوچەكانی هەرێم بەم شێوەیەیە
هەولێر 7.4 ملم
پیرمام 2.3 ملم
سلێمانی 1.5 ملم
دهۆك 1.3 ملم
ئاكرێ 0.2 ملم
ئامێدی 6.6 ملم
بازیان 2.2 ملم
دوكان 6.4 ملم
هەڵەبجە 4.6 ملم
هەڵشۆ 5.4 ملم
كانی ماسی 5.6 ملم
مانگیش 2.6 ملم