قوباد تاڵەبانی لە شاری كەركوك لەگەڵ لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور كۆبووەوە و چۆنییەتی كاراكردنەوەی لیژنەكە و چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم كارەكانیان تاوتوێكران.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕۆژی پێنجشەمە، لە كەركوك بەڕێوەچوو، سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئامادەیبوو، تاوتوێی كێشەی جوتیارانی كەركوك و گرێبەستە كشتوكاڵییەكان و چۆنییەتی كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140كرا.
قوباد تاڵەبانی بە وردیی گوێی لە داواكارییەكان و كێشەكانی پەیوەست بەم دۆسیەیە گرت و پشتگیری خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان دەربڕی و بیروبۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە بۆ لیژنەكە خستەڕوو.
هەروەها رایگەیاند، كار بۆ ئەوە دەكەین لە بەغداد جددیتر كارەكان سەرپێ بخرێن بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی باڵای ماددەی 140 و دابینكردنی بودجە بۆ جێبەجێكردنی بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان.
جەختیكردەوە، “ماددەی 140 بابەتێكی دەستووریی یەكلاكراوەیە و تایبەتە بە گەڕاندنەوەی مافە بۆ مافخوراوان و ئەوانەی لە سیاسەتەكانی ڕژێمی پێشوو زەرەرمەندبوون، بۆیە نابێت بكرێتە بابەتی ململانێی سیاسی”.
لە كۆبوونەوەكەدا لیژنەكە داوای پشتگیری هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمیان كرد بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان لەلای خۆشییەوە قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ دەربڕین.