پسپۆڕێك: سەرما زیانی بۆ پیاوان زیاترە

پزیشكێكی پسپۆڕ رایدەگەیەنێت، سەرما زیانی بۆسەر پیاوان زیاترە وەك لە ژنان.

دكتۆرە ناتالیا سورۆكینا، پسپۆڕی رژێنەكان و پشكنین بە شەپۆلەكانی سەروو دەنگ دەڵێت، سەرما و دیارنەمانی تیشكی رۆژ كاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی گشتیی جەستە هەیە، لەمەشدا سیستمی رژێنەكان رۆڵێكی سەرەكیی هەیە لە گونجاندنی جەستە لەگەڵ بارودۆخی دەوروبەردا.

بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، هەندێك كەس، بەهۆی كاریگەریی زیانبەخشی هۆكاری سەرما، بەدەست كاردانەوەی نەرێنیی سیستمی رژێنەكانەوە دەناڵێنن. كە خۆی دەبینێتەوە لە زیاد دەردانی هۆرمۆنەكان، هۆرمۆنی رژێنی دەرەقی و ئەنسۆلین و هۆرمۆناتی رژێنی ئەدرینالین، بەهەمان شێوە زیادبوونی دابەشبوونی پڕۆتین و چەوری و كاربۆهیدات. بەمجۆرەش كاریگەریی نەرێنیی سەرما زیاتر لەسەر جەستەی پیاوان دەردەكەوێت بەراورد بە ژنان.

ئاماژەشدەدات، ئەمەش پەیوەندیدارە بە چەندین هۆكار: پلەی گەرمای جەستەی ژن هەندێك بەرزترە لە پلەی گەرمای جەستەی پیاو، رووبەری جەستەی ژن كەمترە لە رووبەری جەستەی پیاو، بەمەش لەدەستدانی گەرمای لەشی كەمترە لە كەشی سارددا، كاریگەری هۆرمۆنی تستۆستیرۆنی نێرینە لە سیستمی بەرگریدا، بەجۆرێك چەندێك ئاستی بەرزبێت، وەڵامدانەوەی بەرگریی جەستە دادەبەزێت.

ئاشكراشیدەكات، منداڵی ساوا و گەورەساڵان بەرگرییان بۆ سەرما خراپترە، ئەوەش بەهۆی ناهاوسەنگیی رێكخستنی گەرمیی لەشیان.

پسپۆڕەكە بۆ خۆپارێزی رێنوێنی دەكات بە پابەندبوون بە شێوازی ژیانی تەندروست، پەیڕەوكردنی سیستمی خۆراكیی تەندروست و ئەنجامدانی چالاكیی جەستەیی، وازهێنان لە هەڵسوكەوتە خراپەكان، بەهەمان شێوە چاودێریكردنی ئاستی گرنگترین ماددە چالاكە بایۆلۆجی و توخمە بچوكەكان، بۆ نمونە، ڤیتامین D3 و ئاسن بەشداردەبن لە گونجانی جەستە بەشێوەیەكی باشتر لەگەڵ گۆرانكارییەكان و كاریگەرییەكانی هۆكاری ژینگە و ئاووهەوا، لەنێویشیاندا پلە گەرما نزمەكان.

بابەتی پێشتر

عێراق هاوڵاتییەكانی بە فڕۆكە لە توركیا دووردەخاتەوە

بابەتی دواتر

داوا دەکرێت مریشک لە تورکیاوە هاوردە نەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share