“Home Alone”ی راستەقینە.. منداڵێكی شەش ساڵان گەشتێكی ئاسمانیی هەڵە دەكات

وەك بەرجەستەكردنی بەشێك لە وردەكارییەكانی فیلمی بەناوبانگی (بەتەنها لەماڵەوە- Home Alone)، منداڵێكی ئەمریكی كە هێشتا شەش ساڵی تەمەنی تەواونەكردووە، بە گەشتێكی ئاسمانیی هەڵە گەشتیكرد بۆ سەدان میل دوورتر لەو جێیەی بڕیاربوو بۆی بچێت، ئەمەش بووە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر بۆ خێزانەكەی، وەك ئەوەی تۆڕی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە.

وابڕیاربوو ماریا رامۆس-ی نەنك، پێشوازی لە كاسپەر-ی نەوەی بكات لە 21ی كانونی یەكەم لە فڕۆكەخانەی شاری فۆرت مایەر، لە باشووری رۆژئاوای فلۆریدا، لە گەشتەكەیدا لە فیلادلفیا-وە، بۆ بەسەربردنی پشووی بۆنەی لەدایكبوون لەگەڵیدا.

بەڵام لەدوای نیشتنەوەی فڕۆكەكە نەنكی، منداڵەكەی لەنێو سەرنشیناندا نەدۆزییەوە، كە پێشتر لەلایەن دایكیەوە رادەستی كۆمپانیای فڕۆكەوانی كرابوو بۆ چاودێریكردن و گەیاندنی بە شوێنی دیاریكراو.

بۆیە رامۆس بەپەلە رووی لە كارمەندێك كرد بۆ پرسیاركردن لەبارەی نەوەكەیەوە، ئەویش وەڵامیدایەوە كە منداڵە لەنێو گەشتە ئاسمانییەكەی ئەواندا نەبووە.

رامۆس روونیكردەوە، بە چەند ساتێكی زۆر خەمناك و ترسدا تێپەڕبووە دوای ئەوەی دڵنیابووەتەوە كە منداڵە بچوكەكە لەنێو فڕۆكەكەدا نییە، تا ئەوكاتەی بۆی دەركەوتووە لە فڕۆكەیەكی دیكەدایە و بەرەو شاری ئۆرلاندۆ-ی ویلایەتی فلۆریدا رۆیشتووە، كە چوار كاتژمێر لە ماڵی نەنكییەوە دوورە.

باسی لەوەشكرد، كۆمپانیای (سپیریت ئێرلاینز) ئامادەیی بۆ قەرەبووكردنەوە دەربڕیوە، لەكاتێكدا ئەو “لە خەمی بەدەستهێنانی وەڵام و روونكردنەوەی هۆكاری هەڵەكە و، ئەوەدابووە كە ئایا لە فڕۆكەكە دەریانهێناوە دوای ئەوەی بە هەڵە بردوویانە؟ ئایا نەچووەتە فڕۆكەیەكی دیكەوە؟ ئایا كەس یاوەری بووە دوای ئەوەی دایكی رادەستی تیمی فڕۆكەكەی كردووە؟”.

لای خۆیەوە كۆمپانیاكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، “لە 21ی كانونی یەكەم، منداڵێك كە كەسوكاری لەگەڵ نەبووە لە فڕۆكەخانەی فیلادلفیا گەشتی كردووە، لەنێو فڕۆكەیەك بەرەو ئۆرلاندۆ، ئەوەش بە هەڵە بووە”. ئەوەشی روونكردەوە، “منداڵەكە بەردەوام لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری یەكێك لە ئەندامانی تیمەكەمان بووە، راستەوخۆ دوای دەركەوتنی هەڵەكە، هەنگاوی بەپەلەمان گرتووەتەبەر بۆ پەیوەندیكردن بە خێزانەكەیەوە”.

لە كۆتاییشیدا دەڵێت، “سەلامەتی و بەرپرسیارێتیی سەرجەم میوانەكانمان بە جددی وەردەگرین، لێكۆڵینەوەی ناوخۆیی دەكەین و، داوای لێبوردن لە خێزانەكە دەكەین بەهۆی ئەوەی بەسەریاندا هات”.

ئامادەیت منداڵەكەت بەوجۆرە رەوانە بكەیت؟ ئەگەر منداڵی تۆ بێت چی دەكەیت؟

بابەتی پێشتر

توركیا لەبارەی سویدەوە بڕیاریدا

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بە زیاتر لە 3% بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share