دوای ئەوەی پێشبینییەكانی دەنگدانەوەی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ناوەندە زانستییەكاندا لێكەوتەوە، زانا و توێژەرە هۆڵەندییە تایبەتمەندەكەی بواری بومەلەرزە زانیارییەكی دیكە سەبارەت بە ناوچەكە دەخاتەڕوو.
فرانك هۆگیربیتس، زانا و توێژەری هۆڵەندی تایبەتمەندی بواری بومەلەرزە لە پەیامێكی نوێدا رایدەگەیەنێت، ناوچەكە سەرلەنوێ گۆڕانی بەسەردادێت دوای بومەلەرزە بەهێزەكەی توركیا.
ئاشكراشیكرد، بومەلەرزەكە بووەتەهۆی روودانی گۆڕانكاریی گەورە لە دابەشبوونی فشار لە سەرجەم بەشەكانی ناوچەكەدا، هاوكاتی چالاكیی بومەلەرزە تا دەگاتە فەلەستین، ئاماژەی بەوەشدا کە ناوچەکە خەریکە پێگەی خۆی دەگۆڕێت.
The large earthquakes in Central Turkey have caused a significant change in stress distribution throughout the region, with seismic activity down to Palestine as a result. Clearly, the region is resettling. pic.twitter.com/KZ9LzjAm6c
— Frank Hoogerbeets (@hogrbe) February 8, 2023
پەیامە نوێیەكەی دوای ئەوە دێت كە بەر لە روودانی بومەلەرزەكەی دووشەممەی رابردوو زانا هۆڵەندییەكە پێشبینی روودانی كردبوو، ئەوەشی بە چەند رۆژێك بەر لە رووداوە سروشتییەكە لە تویتەردا بڵاوكردبوەوە.
لە 3ی شوبات لە تویتێكدا دەڵێت، “زووبێت یان درەنگ، بومەلەرزەیەك بە گوڕی 7.5 پلەی رێختەری باشووری ناوەڕاستی توركیا و ئوردون و سوریا و لوبنان دەگرێتەوە”.
توێژەرەكە لەبارەی شیكردنەوەی بۆ تویتەكەی و راستیی ئەو روویدا دووپاتیكردەوە، بومەلەرزە روودەدات كاتێك هەسارەكان دەگەنە شوێنی دیاریكراوی كۆمەڵەی خۆردا، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیكردەوە، پێشبینیی روودانی بومەلەرزە ناكرێت.
تائێستا ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەكە بەرزبووەوە بۆ زیاتر لە 9800 كەس، لەكاتێكدا برینداربووان نزیكەی 38 هەزار كەسن لە هەریەك لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریادا.