كارەبای سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان خشتەیەكی نوێی كارەبا لە رۆژانی پشوودا دیاریدەكات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە ئاگادارییەكەیدا رایگەیاند، بەهۆی راگەیاندنی پشووی فەرمی بۆ ماوەی سێ رۆژ، داوا لە مۆلیدە ئەهلییەکانی ناو شاری سلێمانی دەکەین لەو رۆژانەی پشوودا بەیانیان کارنەکەن، لەبری ئەوە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ کارەبا بدەن بە هاوڵاتییان.
روونیشكردووەتەوە، ئێواران کاتژمێر 4 بۆ 5 دەتوانن پشوو بە مۆلیدەکانیان بدەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ ماوەی سێ رۆژ (7 و 8 و 9ی شوبات) لە هەموو دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پشووی فەرمی دەبێت.
ئەوەشی وت، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە لە رۆژانی پشوو بەردەوام دەبێت.