بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.9 پلە باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند و لە قوبرس، لوبنان، سوریا، ئوردن، عێراق و میسر هەستی پێکرا و بەهۆیەوە سەدان خانوو و باڵەخانە داڕماون.
دەزگای بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیا کە چەند پارێزگایەکی هەژاندووە، 76 کەس گیانیان لەدەستدا و 440 کەسیش برینداربوون.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردووە “76 هاوڵاتیمان لە ئەدەنە، ئادیامان، مەلاتیا، کەهرامانمەرەش و غازی عەنتاب گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 440 هاوڵاتی لە سانلیورفا، ئامەد، ئەدەنە، ئادیامان، مەلاتیا، عوسمانییە، هاتای و کلیس برینداربوون”.
سەنتەری توێژینەوەی زانستە جیۆلۆجییە ئەڵمانییەکان رایگەیاندووە کە بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە نزیک شاری کەهرامانمەرەش روویداوە .
شایەتحاڵێکی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە کە لە شاری ئامەد بوومەلەرزەکە نزیکەی خولەکێکی خایاندووە.
تورکیا دەکەوێتە ناوچەیەک کە چالاکیی بومەلەرزەیی تێیدا لە بەرزترین ئاستی جیهاندایە.
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلە باکووری ڕۆژئاوای تورکیا هەژاند و نزیکەی پەنجا کەس بریندار بوون.