کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ باران بەشێوەی پچڕ پچڕ دەبارێت، لە هەندێک شوێن ئەگەری بارینی تەرزە هەیە و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و خێرایی با زیاد دەکات، پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە.
لە راگەیەندراوی کەشناسیدا هاتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمانى هەرێم بەگشتى هەور و باراناوى دەبێت، بارانبارین بە شێوەى پچڕ پچڕ لە کاتى جیا جیا دەبێت لە هەندێک ناوچە ئەگەرى تەزرەبارین هەیە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ناوچە سنوورییەکان و شاخاوییەکان شەپۆلێکى بەفربارین دەبێت، ئاستى باران و بەفر لە سنوورى پارێزگاى دهۆک زیاتر دەبێت، لە کاتەکانى ئێوارە و شەودا ئاستى دابارین لە سەر سەنتەرى پارێزگاکان کەم دەبێتەوە.
پلەکانی گەرماش کەمێک نزمدەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ .
هەروەها سبەینێ دووشەممە، کەش هەور و باران دەبێت، بەفربارین لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، لە ئێوارەدا ئاستى دابارین زیاتر دەبێت بە تایبەتى لە شەودا لەسەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک لەگەڵ دروستبوونى هەورە تریشقە.
هەروەها زیادبوونى خێراى با لە کاتەکانى ئێوارە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و کەرکووک دەبێت، پلەکانی گەرما بە (2-3) پلە بەرزدەبێتەوە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.