لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکانی جێبەجێکردنی رێنمایی دارایی ژمارە 12ـی تایبەت بە پێداچوونەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەژمارکردنى خزمەتیان پێکهێنرا.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، لیژنەکە لە یەکەم هەنگاویدا، تیمەکانی دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەسپاکی و لیژنەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ پرسى میلاکات راسپارد بە مەبەستی پێداچوونەوە و وردبینی بە دۆسیەى فەرمانبەراندا.
دەشڵێت، لە کۆی 32 دامەزراوەى هەر سێ دەسەڵاتی (دادوەرى، یاسادانان و جێبەجێکردن)، پێداچوونەوە بە 365 هەزار و 452 دۆسیە کرا کە حەوت هەزار و 196 دۆسیە پلەى زیادەیان بۆ بەسترا بوو، 15 هەزار و 614 دۆسیەشیان زیادە مووچەیان هەبوو، کە کۆى جیاوازى مووچەکەیان دەکاتە ملیارێک و 360 ملیۆن و 808 هەزار دینار.
بۆ یەکخستنەوەی دۆسیەی کەسیی ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگە، تائێستا لەکۆى 60 هەزار و 16 دۆسیە، 41 هەزار و 982 دۆسیە بۆ پێداچوونەوە ئامادەکراون و بڕیاروایە بەزوویی لایەنە نایاساییەکانیان لە رووی پلەبەرزکردنەوە و زیادە مووچە، دەستنیشان بکرێن، وەك ئەوەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكەی فەرمانگەكە كاری لیژنەكە بڕینی مووچە و دابەزاندنیەتی بۆ ئەوانەی لە ساڵانی رابردوودا بە زیادە بۆیان كراوە، نەك گەڕاندنەوەی پلەبەرزكردنەوەی سەرجەم فەرمانبەران كە لە ساڵی 2016ەوە راگیراوە و مووچەخۆران چاوەڕوانی گەڕاندنەوە و دەستپێكردنەوەیین.