ئەندامێكی هاوپەیمانیی فەتح ڕەخنە دەگرێت لە دابینكردنی پارە بۆ هەڵبژاردن لەڕێی یاسایەكی تایبەتەوە و ئاشكراشیكردووە، “كۆمسیۆن خۆی پارەی لە بەردەستدایە”.
حسێن عقابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی فەتح ڕایگەیاندووە، “كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پارەی لە بەردەستدایە، لە حسابەكەیدا نزیكەی 133 ملیار دینار هەیە، دەتوانێت بەو پارەیە كارەكانی بكات تا ئەو كاتەی یاسای بودجە دەردەچێت و پارەكەی بۆ تەواو دەكرێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە یاسای تەرخانكردنی پارە هەبێت بۆ هەڵبژاردن”.
ئەو پەرلەمانتارەی سەربە فەتح ئەوەشی خستوەتەڕوو، “پێشكەشكردنی یاسای تەرخانكردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەكان دەرخەری ئەوەیە كە حكومەت لە كاروباری دارایی وڵاتەكەدا سەری لێشێواوە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان داوای 329 ملیار دیناری كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان بەبێ ئەوەی وردەكاری و خشتەیەكی خستبێتەڕوو”.
لە كۆتایی وتەكانیدا كە بۆ بەشێك لە میدیا عێراقییەكانی كردووە، ئەندامەكەی فەتح وتوشیەتی، “یاساكە تێدەپەڕێندرێت هەرچەندە هەڵەیەكی گەورەی حكومی و سەرلێشێوانێكی ڕوونە”.
زیاتر بخوێنەوە.. لەمپەرەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق “زۆرن”