لەمپەرەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق “زۆرن”

هەرچەندە یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پەرلەمانەوە دەرچوو و تێپەرێندرا، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایەی بۆ تەرخانكردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەكان پێشكەش كراوە ڕەنگە هەمان چارەنووسی یاسای هەڵبژاردنەكانی نەبێت و كێشەی بێتە پێش، لەكاتێكدا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كەمتر لە حەوت مانگی ماوە.

پەرلەمانتارێكی عێراق ڕەخنە لە هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق دەگرێت و دەڵێت، “پێویست بوو حكومەت پرۆژەیاسای بودجەی بۆ پەرلەمان بناردایە و لە بودجەدا جێی خەرجی هەڵبژاردنەكانی بكردایەتەوە”.

“زۆربەی پەرلەمانتاران پێمانوایە ئەو یاسایە پێویست نییە”

موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “پرۆژەیاسای تەرخانكردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەكان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و دەبێت لە خوێندنەوەی دووەمدا تاووتوێ بكرێت و گفتوگۆی لەسەر بكرێت، كێشەی ئەو پرۆژەیاسایە ئەوەیە زۆربەی پەرلەمانتاران پێمانوایە پێویست نییە، چونكە حكومەت خۆی كۆمەڵێك بەند و بڕگەی هەیە دەتوانێت پارە بۆ ئەو بابەتە خەرج بكات”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە ئەوەشی خستەڕوو، “ئێستا كۆتایی ساڵە دەبوایە یاسای بودجە دەنگی لەسەر بدرایە، حكومەت دەبوو خەرجی هەڵبژاردنەكانی بخستایەتە نێو یاسای بودجەوە بۆ یاسایەكی دیكەی بۆ دەنێرێت بۆچی بودجە نانێرێت، ئەگەر یاسای بودجە زوو بێتە پەرلەمان كێشە دروست نابێت”.

“ئەگەر حكومەت بیەوێت هەروا پارچە پارچە ئەم وڵات بەڕێوەبەرێت، جارێك یاسای قەرز و جارێك یاسای تەمویلی هەڵبژاردن، بە بڕوای زۆربەی پەرلەمانتاران ئەمە بەڕێوەبردنێكی هەڵەیە، پێویستە یاسای بودجە هەبێت و لەناو یاسای بودجەدا خەرجییەكان دیاری بكرێن”، موسەنا ئەمین وای وت.

“هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ناكرێت”

لە ڕاپۆرتێكدا ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی كانونی یەكەم ئاماژەی بەوە كردووە، ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسیی عێراقی هەوڵی دروستكردنی لەمپەر دەدەن لە بەردەم هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق.

ئەوەش لەكاتێكدایە مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقدا وتی، “ژینگەی سیاسی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی ئاسایی بكرێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بەشێوەیەكی بێگەرد لەو كاتەی بۆی دیاریكراوە”.

ڕۆژنامەكە ئەوەی ئاشكراكردووە، پێشتر چەند هێز و لایەنێكی سیاسی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنەكەیان دا لەڕێی دروستكردنی لەمپەر لە بەردەم یاسای هەڵبژاردنەكان، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، ئێستاش لەڕیی دروستكردنی كێشە بۆ پرۆژەیاسای تەرخانكردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەكان هەمان هەوڵیان خستووەتەوە گەڕ.

بەڵام نەیشاردووەتەوە كە كازمی هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە ئەو هەڵبژاردن لەوكاتەدا بكرێت كە بۆی دیاریكردووە، چونكە خۆی وەك كاندیدی شەقام دەبینێت.

“بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستە ئامادەكاریی پێشوەختە بكرێت لەڕووی ئەمنی و سیاسییەوە”

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەو كاتەی بۆی دیاریكراوە، موسەنا ئەمین وتی، “بە بڕوای من ئەو هەڵبژاردنە لەو وادەی بۆی دیاریكراوە ئەنجام نادرێت، لەبەر ئەوەی دیاریكردنی ئەو بەروارە تەنها بۆ ڕازیكردنی خۆپیشاندەران بوو، ئەگینا لە واقیعدا جێبەجێ ناكرێت”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو “كۆمسیۆن كاتی زۆری دەوێت بۆ كارەكانی و ئامادەكارییەكانی، عێراقیش لەڕووی واقیعییەوە كۆمەڵێك كێشەی هەیە، بڵاوبوونەوەی چەك و دەیان گروپی چەكداری لە شەقامی عێراقیدا هەن، لەكاتی بەدڵ نەبوونی هەڵبژاردنەكان ڕەنگە لە سنوور دەرچن و كێشە دروست بكەن، ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەكە لەكاتی خۆیدا نەكرێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پێویستە ئامادەكاریی پێشوەختە بكرێت لەڕووی ئەمنی و سیاسییەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە هەلومەرجێكدا بكرێت كە گونجا و بێت، ئەم دامەزراوانەی ئێستای عێراق تا ساڵی 2022 شەرعییەتیان هەیە، دەتوانرێت تا ئەو كاتە هەڵبژاردن بكرێت”.

داواكراوە سەدان ملیار دینار بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق تەرخان بكرێت

بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایەی چووەتە پەرلەمانی عێراق و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، داوای 329 ملیار دینار كراوە بۆ “خەرجییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ساڵەكانی 2020 و 2021”.

بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایە كە لیژنەی دارایی و یاسایی پەرلەمان ئامادەی كردووە و وێنەیەكی دەستی تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە، داوا كراوە بڕی 329 ملیار دینار بۆ “خەرجییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ساڵەكانی 2020 و 2021” تەرخان بكرێت.

بۆ تەرخانكردنی پارەكەش لەنێو ئەو پرۆژەیاسایەدا، داواكراوە “بڕی 133 ملیار و 300 ملیۆن دینار لە پارەی كاشی خولاوی ساڵی 2019ەوە بخرێتە سەر حسابی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بۆ دابینكردنی بڕەكەی دیكەش كە 195 ملیار و 700 ملیۆن دینارە دەسەڵات بدرێت بە وەزیری دارایی بۆ ئەوەی لەرێی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكییەوە دابینی بكات”.

بەگوێرەی ئەو وادەیەی كازمی بۆی دیاریكردووە، بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

 

بابەتی پێشتر

تەندروستیی سلێمانی زیاتر لە 100 دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا دادەمەزرێنێت

بابەتی دواتر

چەند کوردێک لە دۆسیەی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەی ئێراندا دەستگیرکراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
16
Share