وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، كۆی گشتی توشبووانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە 100 هەزار حاڵەتی تێپەڕاند.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئەمڕۆ شەممە 12ی كانونی یەكەم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری توشبووانی كۆرۆنای لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا بڵاوكردەوە و دەڵێت، لەو ماوەیەدا دوو هەزار و 664 پشكنینی نوێ ئەنجامدراون و لەو ژمارەیەش 183 توشبووی نوێ تۆماركراون ئەمەش كەمترین ڕێژەیە لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا.
توشبووانی نوێ لە شارەكانی هەرێم بەمجۆرەیە (دهۆك 133، سلێمانی 27، گەرمیان 17، هەولێر 4 و هەڵەبجە 2).
هەر لەو ماوەیەدا 359 توشبوو چاكبوونەتەوە و 9 توشبووش گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە سلێمانی بووە بە چوار حاڵەت و لە هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمارنەكراوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی تەندروستی كۆی گشتی توشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە گەیشتووەتە 100 هەزار و 129 حاڵەت، لەو ژمارەیە 32 هەزار و 416 كەسیان لەژێر چارەسەردان و سێ هەزار و 282 توشبووش گیانیان لەدەستداوە.