بەهۆی “گولـلەی وێڵ”ـەوە 63 هاوڵاتی برینداربوون و 65 كەسیش بە تۆمەتی تەقەكردن بە بۆنەی سەركەوتنی عێراق لە كەنداوی 25ـدا دەستگیركراون.
“دوای تەواوبوونی یارییەكانی پاڵەوانێتیی كەنداوی 25 و بردنەوەی عێراق، هۆشداریمان دا بە هاوڵاتییان لەوەی كەس (تەقەی خۆشی) نەكات، بەڵام بەشێك لە هاوڵاتییان پابەندنەبوون”، وەك وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتەكە، بەهۆی تەقەكردنەوە 63 هاوڵاتی برینداربوون كە 24 كەسیان تەنها لە بەغداد پێكراون و 39 كەسی تریش لە پارێزگاكانی دیكە بە “گولـلەی وێڵ” برینداربوون.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، “بە تۆمەتی تەقەكردن لە كاتی ئاهەنگەكاندا، 65 كەس دەستگیركراون، 27 كەسیان لە بەغداد تەقەیان كردووە و 38ـی كەسیش لە پارێزگاكانی تر بە هەمان تۆمەت دەستگیركراون”.