سەركۆ ئازاد: بازاڕ گڕیگرتووە.. دۆلارە كوردیەكەی حكومەتی هەرێم لەكوێیە؟

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوو هەفتەیە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبووەتەوە لەبری ئەوەی حكومەتی هەرێم شان بداتە بەری و كەمێك هاوكاریی بازرگانان، بازاڕ، هاوڵاتییان و مووچەخۆران بكات كەس نازانێت دۆلاری كوردی چی لێدێت؟

سەركۆ ئازاد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، دوو هەفتەیە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبووەتەوە و بازاڕ گڕیگرتووە و نرخی كاڵا و شمەك نزیكەی دوو هێندە بەرزبووەتەوە، سێ هێلكە بووە بە هەزار دینار، دەبەیەك زەیت بە چوار هەزار دینار و كیلۆیەك گۆشت 18هەزار دینارە، كەچی حكومەتی هەرێم لەبری ئەوەی شان بداتە بەری و كەمێك هاوكاریی بازرگانان، بازاڕ، خەڵك و مووچەخۆر بكات كەس نازانێت دۆلاری كوردی چی لێدێت؟
وتیشی، “كەی ڕەوایە هاوڵاتییەك یاخود فەرمانبەرێك خەرجی ڕۆژانەی بۆ دوو هێندە زیاديكردبێت و بازاڕ لەوپەری خراپیدابێت لە بری ئەوەی حكومەت بەرپرسیارانە بێتە پێشەوە و وەك حكومەتی عێراق كارئاسانی بۆ خەڵك بكات، بەخستنە بازاڕی ئەو دۆلارەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستیدەكەوێت كە ڕۆژانە نزیكەی 30 ملیۆن دۆلارە، جگە لەو 22 ملیۆن دۆلارەی هاوپەیمانان و ئەو دۆلارەی لە خاڵەسنوورییەكان و گومرگ وەریدەگرێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم ڕۆژانە ئەم 30 ملیۆن دۆلارە بە نرخی بانكی ناوەندی كە 146 هەزار دینارە بخاتە بازاڕەوە، ئەوا كێشەی دابەزینی بەهای نرخی دیناری عێراقی چارەسەردەكات و هەم گرانیی نرخی كاڵا و شمەك چارەسەردەكات هەم بەشێكی گەورەی ئەم فەوزای دۆلارە چارەسەردەكات لەسەر ئاستی هەموو عێراق، بەڵام ئێستا دۆلاری كوردی بێسەروشوێنە و كەس نازانێت لەكوێیە”؟
راشیگەیاند، ئایا بە ڕاستی پارەی نەوتی هەرێم لە كوێیە و لای كێیە و چ وڵاتێك مامەڵەی پێوە دەكات؟.. ئایا پارەی نەوتی هەرێم كە بە دۆلار دەفرۆشرێت هەر لە بنەڕەتدا نایەتەوە هەرێمی كوردستان؟.. یاخود دێتەوە و بە رێگای جیاواز دەنێرێت بۆ وڵاتانی دراوسێ و ئەگەر نا بۆچی حكومەتی هەرێم ئەو دۆلارە ناخاتە بازاڕەوە؟
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، ئەگەر بە ڕاستی ئەو دۆلارە كوردییە دێتەوە و حكومەتی هەرێم دەیخاتە بازاڕەوە ئەوا ئەم كێشەیەی ئێستای دینار و دۆلار نامێنێت و كێشەی نەختینەی دۆلار نابێت وەك ئەوەی كە ئێستا هەیە، ئەگەر ناشیخاتە بازاڕەوە كەواتە پارەی نەوتی هەرێم هەر نایەتەوە كوردستان و هەر لە توركیایە و ئەمەش ئەو پرسیارە دروستدەكات چەند ساڵە كە حكومەتی ناوەند پارە نانێرێت بۆ هەرێم حكومەتی هەرێم بەچی مووچەی داوە؟. ئەگەر بەپارەی نەوت داویەتی ئەو هەموو دۆلارە كوردییە لە ماوەی ئەم هەشت ساڵەدا بۆ كوێ چووە كە چەندین ملیار دۆلار دەكات.
بابەتی پێشتر

كەركوك.. دوو كرێكاری گەنج بە تەزووی كارەبا گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

ژمارەی كۆچبەر و خوازیارانی مافی مانەوە لە ئەڵمانیا زیادیكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share