بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی ھەموو کارئاسانی و ئامادەکارییەکی کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆڵۆنێڵ سویک، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەهەرێم و شاندێکی سەربازیی ئەڵمانی ڕایگەیاند، “هیوادارین هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە فراوانتر بکرێت و یەکێتی ئامادەیە بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە”.

لە دیدارێکدا مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، گفتوگۆ لەبارەی پێشھات و پەرەسەندنە سیاسی، سەربازییەکان و ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە و فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش کرا.

بافڵ تاڵەبانی گرنگی پتەوکردنی ھەماھەنگی سەربازی نێوان ھەردوولای بەتایبەت لەبواری پڕچەککردن و ڕاھێنان و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکان بەپێویست زانی لەچوارچێوەی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوپاسی ھێزەکانی ئەڵمانیای کرد کە ھاوکار و پشتیوانی بەردەوامی ھێزی پێشمەرگە بوون و داوایکرد ھاوکاری و ھاریکارییەکانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە فراوانتر بکەن و پشتیوانی لەسەرخستنی ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە بکەن.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستی ڕێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان کرد لەسەر بنەمای زانستی سەربازی سەردەم و ڕوونیکردەوە، دەبێت هەموو هەنگاوێک بە ئاڕاستەی بونیادنانی ھێزێک بنرێت کە لەئاست بەھێزی قەوارەی ھەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بێت. بۆ ئەوەش یەکێتی ھەموو کارئاسانی و ئامادەکارییەکی دەربڕیووە.

لەبارەی بۆشایی ئەمنی لەچەند ناوچەیەکی عێراق و جموجوڵی پاشماوەکانی داعش، بافڵ تاڵەبانی روانینە ئەمنییەکانی بۆ وەفدی میوان خستەڕوو و دووپاتی لەھەماھەنگی زیاتر لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کردەوە بۆ بەرقەراکردنی ئاسایشی ئەو سنوورانە و روبەڕوبوونەوەی ھەر پیلانێک ئارامی عێراق و ھەرێم تێکبدات و رایگەیاند، لەماوەی رابردوو شکستپێھێنانی چەندین پیلانی تیرۆریستانی داعش بۆ تێکدانی ئارامی ھەرێم لەلایەن ھێزەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم و دژەتیرۆرەوە ئەوەمان پێدەڵێت هێشتا مەترسییەکان ماون و پێویستە هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی ببینەوە.

 

بابەتی پێشتر

گەنجێك لە ئاوی ڕووباری خاپور خنكا

بابەتی دواتر

ئارسیناڵ 0-2 چێڵسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share