یەكێتیی زانایانی ئایینيی ئیسلاميی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەپێی دەقەكانی شەریعەت، هەموو زیادەڕۆییەك لە بەكارهێنانی ئاودا ڕێگەپێنەدراوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرچاوەكانی ئاو داوای لە یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان، مەكتەبی تەنفیزی كرد كە لەبارەی بیری قاچاغ و خراپی بەكارهێنانی ئاو فەتوایەك دەربكرێت بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی باڵای فەتوا “حوكمی ئیسراف و فێڵكردن لە ئاو و هەڵكەندنی بیری نایاسایی” بڵاوكردەوە كە ئەمە كورتەكەیەتی:-
یەكەم:- بەپێی دەقەكانی شەریعەت هەموو زیادەڕۆییەك لە بەكارهێنانی ئاودا حەرامە.
دووەم:- هەڵكەندنی بیری نایاسایی كارێكی نادروستە، هەموو ئەو كەسانەی هاوكار دەبن لە لێدانیدا گوناهبار دەبن، هەروەها پێدان و وەرگرتنی بەرتیلیش بۆی لە گوناهە گەورەكان هەژماردەكرێت.
سێیەم:- تەجاوزكردن بۆ سەر پڕۆژەكانی ئاو بە هەموو شێوەكانییەوە دەچێتە خانەی غەشەوە و حەرامە.
چوارەم:- داوا لە لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە پلانی گونجاو و بەپەلە دابنێن و كاری پێویست ئەنجامبدەن بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانی ئاوە.